لڤین
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، پیلانێک هەبووە خۆپیشاندانى مامۆستا و فەرمانبەران بقۆزێتەوە و ئارامى و سەقامگیرى سلێمانى تێکبدات، دەڵێت بۆ رێگرى لەو هەوڵە ژمارەیەک لە رێکخەرانى خۆپیشاندانەکەیان دەستگیرکردووە و داواى لێبووردنیان لێدەکەن.
دەزگاى ئاسایش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە زەمینە لەبارنییە بۆ خۆپیشاندان و لە رۆژانی رابردووشدا بە وردی ئاگاداری پیلانێک بوون، باسلەوەشکراوە، بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە، ناچاربوون لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیر بکەن کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبوون، دەشڵێت “ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان تەنیا پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی”.
دەزگاى ئاسایش دەڵێت، هێزەکانیان زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردووە، بەڵام بە پێویستی دەزانن داوای لێبووردنیان لێبکەن و دڵنیایان بکەنەوە کە ئەم هەوڵەیان تەنیا بۆ پاراستنی خۆیان و ئارامی شار بووە.
دەزگاى ئاسایش لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی دیکە ناڕازین لە دواکەوتن و نەناردنی مووچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام لەگەڵئەوەشدا ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاونیشتمانییانە.