لڤین
شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی خانەنشینی عێراق، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانی کرد و گفتوگۆیان لەبارەى لێبڕینی لە 3%ـى مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد.
وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق لە یەکـى کانوونى دووەمى 2014 تاوەکو 30ـى حوزەیرانى 2024، لە رێکەوتى یەکى حوزەیرانى 2025 مانگانە بە قیست ئەو لێبڕینى لەسەدا 3%یە لە فەرمانبەران و خانەنشینان وەردەگیرێتەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، گفتوگۆ لەسەر پرسى خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگەو چۆنیەتی هەژمارکردنی خزمەت و مووچەکانیان لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق کراوە.