لڤین
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەى هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سودانی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوونی گوتیرێسی لە لوتکەی عەرەبی بەرزنرخاندووە و ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕوون و بەهێزی ناوبراو کردووە لە بەرگریکردن لە مافەکانی گەلان بەگشتی و پرسی گەلی فەڵەستین بە تایبەتی.
سودانی جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی پرۆگرامە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان کردووەتەوە، لە رێگەی دامەزراوە سەرەکییەکانی رێکخراوەکەوە.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ستایشی ئاستی ڕێکخستنی لووتکەی عەرەبی لە بەغداد کردووە و جەختی لەسەر بەردەوامیی پشتیوانی پێگەی عەرەبی و ناوچەیی عێراق و ڕۆڵی لە دامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم دەزگا سەرەکییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو پشتیوانییەک پێشکەش بە حکومەتی عێراق بکەن.