لڤین
خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان کۆتاییهات، بەگوێرەی زانیاریی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی کە لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە وەریگرتووە، کۆبوونەوەکان سێ کاتژمێریان خایاندووە و تێیدا رێککەوتن کراوە کە هەنگاوەکانی داهاتوو بە لیژنەی تەکنیکیی هەردوولا بسپێردرێن.
لەبارەی ناوەڕۆکی دانوستانەکە، ئیسماعیل بەقائى گوتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، خولى چوارەمى دانوستانەکان قورسبوون، بەڵام سوودبەخشبوون بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستەکانى یەکدى و دۆزینەوەی رێگەچارەی واقیعی بۆ کێشەکان.
هاوکات، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، گفتوگۆی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا ئەنجامدراوە و رێککەوتن کراوە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان و کارکردن لەبارەی بوارە تەکنیکییەکان.
حکومەتى عومان رایگەیاند، دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام دەبێت و خولی پێنجەمیش لە وادەیەکی دیکەدا بەرێککەوتنی هەرسێ لایەن بەڕێوەدەچێت.