لڤین
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئامادەیی یەکێتییەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەربڕی و گوتیشى”ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن ئامادەن سکاڵا لە دژى سیاسەتەکانى ترەمپ تۆماربکەن.
ئورسولا ڤۆندەر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، ئامادەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا و گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی باجە زیادکراوەکان لەسەر کاڵای هەناردەی ئەوروپا. گوتیشى “بۆچوونمان وایە دەتوانین لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنی باش بکەین کە لەبەرژەوەندی هاوڵاتییانى هەردوولا بێت”.
ڤۆندەر لاین، ئاشکراشیکرد، سکاڵانامەیەک لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە دژی سەپاندنی باجی زیاتر لەسەر ئۆتۆمبێل و کەرەستەکانی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئەمریکاوە تۆماردەکەن، ئەگەر کۆبوونەوەکان شکستبهێنن.
هاوکات، پلانەکانی یەکێتیی ئەوروپای لە دژی رووسیا ئاشکراکرد و رایگەیاند، تاوەکو ساڵی 2027، کۆتایی بە هاوردەی بەرهەمی سوتەمەنی رووسیا دەهێنن و هەموو جۆرە رێککەوتنێکیش لەگەڵ رووسیا قەدەغە دەکەن.
هاوکات کۆمیسیۆنی ئەوروپا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پێشنیازی کردووە لەئەگەری شکستهێنانی کۆبوونەوەکانی نێوان واشنتن و برۆکسل، ئۆتۆمبێل و فڕۆکەی هاوردەکراوی ئەمریکا بکرێتە ئامانجی زیادکردنی باج وەک وەڵامێک بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا و بڕی باجی زیادکراویش کە کۆمیسیۆنەکە هەڵسەنگاندنی بۆکردووە 107 ملیار دۆلارە.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختیشی کردووەتەوە، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەردوولا و لابردنی باجە زیادکراوەکانی ئەمریکا بێت.