لڤین
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان لە باشووری سووریا جێگیرکراون و ئامادەن بۆ رێگریکردن لە چوونە ناوەوەی “هێزە دژبەرەکان” بۆ ئەو ناوچانەی دروزەکان تێیدا نیشتەجێن.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکی کورتدا دەڵێت، بەردەوامن لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان لە باشووری سووریا و لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرگریکردن و هەموو سیناریۆ جیاوازەکانیشیان لەبەرچاوگرتووە.
بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی هێزەکانی بدات، سوپای ئیسرائیل ئاماباشیی سوپاکەی راگەیاندووە بۆ پاراستنی دروزەکان.
هاوکات بەرپرسێکی پێکهاتەی دروزەکان لە پارێزگای سوەیدا رایگەیاندووە، هیچ سەربازیێکی ئیسرائیل لە پارێزگاکەیدا نییە و تەنیا لە پارێزگای قونەیتەرە، لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان سوپای ئیسرائیل بڵاوەی پێکراوە، کە هەر خۆیان کۆنترۆڵیانکردووە.
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە 48 کاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە 20 هێرشیکردووەتەسەر ئامانج و پێگە سەربازییەکان لە تەواوی سووریا و پێشتریش نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سوریایان بۆردوومانکردووە.
ئەم هێرشانە دوابەدوای گرژییە سەربازییەکانی نێوان چەکدارانی دروز و هێزە ئەمنییەکانی سووریا هات، لە گوندەواری دیمەشق و باشووری سووریا، کە لەماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 100 کوژراوی لێکەوتەوە.