لڤین
وەزیرى دەرەوەى عومان، کە نێوەندگیریی دانوستانى نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات رایگەیاند، لەبەر چەند هۆکارێکی لوجستی، کۆبوونەوەکەی رۆژی 3ـی ئایاری دوادەخرێت و پاش راوێژ لەگەڵ هەردوولا، رێکەوتێکى نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکە دیاریدەکەن.
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە تۆڕی ئێکس، دواخستنی کۆبوونەوەکەی راگەیاند، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ‘تەسنیم’ـی راگەیاندوە دواخستنی دانوستانەکان لەسەر پێشنیازی وەزیری دەرەوەی عومان بووە، گوتیشی “دواتر زانیاریی لەسەر وادەی داهاتوو دەخەنەڕوو”.
دوای ئەوەی ئەمریکا و ئێران، شەممەی رابردوو خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانیان کۆتایی پێهێنا، رێککەوتن لەسەر ئەوەی رۆژی 3ـی ئایار جارێکی دیکە کۆببنەوە.
لە خولی سێیەمی گفتوگۆکاندا لە مەسقەت، بۆ وردەکارییە تەکنیکییەکانی رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی گفتوگۆ کرا، بەتایبەتیش باس لەو سنووربەندییانە کرا، کە ئەمریکا دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا، هاوکات دۆسییەی سزاکانییش، کە ئێران دەیەوێت لە سەری لاببرێت، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
بەرپرسانی ئەمریکا خولەکانی پێشووی دانوستانەکانیان بە ئەرێنی و بنیادنەر ناوبرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دڵنیاییدا کە دەتوانن بگەنە رێککەوتنێک و رێگری لە هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران بکەن.