لڤین
پارتی كرێكارانی كوردستان “پەكەكە” ڕایگەیاند،”تائێستا هیچ هەنگاوێكی بەرچاو بۆ جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن حكومەتەوە نەنراوە”.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بۆنەی ١ـی ئایار ڕۆژی کرێکاران ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەدا هاتووە: شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکومەتەوە نەنراوە.
هەروەها دەشڵێن: هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت.
ڕاگەیاندراوەکەی پەکەکە بەم شێوەیەیە:
“ئێمە لە ١ـی ئایاردا ڕۆژێکی نوێی یەکڕیزیی، یەکگرتن و تێکۆشانی چینی کرێکار دەژین، لە دوای ٨ـی ئادار و نەورۆز، لە ١ـی ئایاردا، کرێکاران و گەلانی زەحمەتکێش گۆڕەپانەکان پڕ بکەن و لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی دیمووکراسیی دژە فاشیست بەرز بکەنەوە، بە دەنگی بەرز داوای خۆیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانەی دیموکراسیی دەردەبڕن و دژی فاشیزم تێبکۆشن، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی یەکێتی، یەکگرتن و تێکۆشانی خۆیان پتەو بکەن.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە ١ـی ئایار بە تایبەت لە ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو هەڤاڵان، کرێکاران و ڕەنجدەران، ژنان، گەنجان، گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستە دیموکراتییکەکانمان پیرۆز دەکەین، لە ١ـی ئایاری ساڵی نوێدا هیوای سەرکەوتنی گەورە بۆ هەموو ئەو کەسانە دەخوازین کە بۆ ئازادیی و دیموکراسیی تێدەکۆشن، لە کەسایەتی فەرماندە گەریلا محەمەد قەرەسوونگور، محەمەد ئەمین ئاسلان و ڕەمەزان کاپلاندا شەهیدانی تەقسیم لە ساڵی ١٩٧٧ و هەموو شەهیدانی ١ـی ئایار، بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسگوزارییەوە بەبیر دەهێنینەوە، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەڤاڵ و هاوڕێمان سری سوورەیا ئۆندەر دەخوازین کە لە پرۆسەی ١ـی ئایاردا شەڕێکی بەهێز بۆ ژیانی خۆی دەکات.
١ـی ئایار یەکێکە لە میراتە مانادار و زیندووەکانی سۆسیالیزمی بنیاتنراو، بێگومان ئەوەی ئەم ڕۆژە مانادار دەکات، ڕاستی شەهید و بەرخۆدانییەتی، بەرخۆدانی ڕزگاری لە فشار، زۆرداری و ڕەنجخۆرییە، کە لەو پێناوەدا شەهید دراوە، هەمیشە بەهایەک کە ڕێگا نیشان دەدات و هێز دەدات بە تێکۆشانی ئازادیی، یەکسانیی و دادپەروەری بنیاتناوە، هەرچەندە زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە درێژایی مێژوو تێپەڕێندراون، ڕاستی ١ـی ئایار وەک ئەستێرەیەکی ڕێنیشاندەر کە ئیلهامبەخشە، لە یادەوەری خەڵکی کرێکاردا ماوەتەوە.
تەڤگەری ئازادیی کوردستان و گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، بەرخۆدانێکی مێژوویی ئازادییان پەرەپێدا، ٨ـی ئادار و نەورۆز بە مانایەکی هەرە ڕاست پیرۆزکران، هەروەها خەباتی ئازادیی و دیموکراسییان لە ١ـی ئایاردا بەرزکردەوە، ئەم تێکۆشانە مانادارترین ژیانی پیشاندا، هەموو ١ـی ئایارێک بووەتە ڕۆژی نوێبوونەوەی هۆشیاری و ئیرادەی سۆسیالیستی دیموکراتیک، لە هەمان کاتدا بووەتە ڕۆژێک کە تێیدا ڕێکخستن و چالاکیی بەردەوام لە پەرەسەندندایە، تیۆری شارستانییەتی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، وایکردووە کە لە ١ـی ئایار وردتر تێبگەین و بەپێی ماناکەی بژین.
بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان ئەم ١ـی ئایارە لەسەر بنەمای “بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” کە ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووباتدا پێشکەشی کرد تێدەپەڕێنن، ئاشکرایە کە ئاشتی بەبێ ئازادیی و دیموکراسیی نابێت، بەبێ ئاشتی لە کوردستاندا، مەحاڵە کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت و ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بەدی بهێنرێت، چونکە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی لەسەر بنەمای پارچەکردنی کوردستان و هەژموونی داگیرکاری بنیات نا، بۆیە ئاشتی ڕاستەقینە لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە ئاشتی لە کوردستاندا جێگیر دەبێت.
کۆمەڵگای دیموکراتیک پێگەیەکی سروشتییە کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا دەگونجێت، ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگەیەکی ئابووری، ئیکۆلۆژی، ئازادیی ژن، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و سۆسیالیستی دیموکراتیکە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا ژنان و گەلی کورد و بندەستان زیاتر لە هەموو کەسێک پێویستیان بە ئاشتیی و گەشەپێدانی کۆمەڵگای دیموکراتیکە، بۆیە گەلەکەمان و دۆستانمان بەتایبەت ژنان و گەنجان، باشتر و قووڵتر لە مانای “بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” تێدەگەن و چالاکییەکانی ١ـی ئایار دەکەنە دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو هۆشیاری و چالاکییە، بە بڵاوکردنەوەی پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە سەرانسەری جیهاندا، هۆشیاریی ئینتەرناسیۆنالیستی سۆسیالیستی دیموکراتیک و هاودەنگی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەرەوپێش دەبەن.
گەلەکەمان و جەماوەری دیموکراتیک باش دەزانن کە ئێمە وەک تەڤگەر و گەل لە ٢٧ـی شووباتدا بە هەموو توانامانەوە پشتیوانیمان لە بانگەوازیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کرد و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووشدا هەوڵمانداوە بە دروستی لەم بانگەوازە تێبگەین و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەین، ئێمە بە ڕوونی ئەو هەڵوێستەمان لە لێدوانەکانی ١ـی ئادار و نەورۆزدا ڕاگەیاند.
سەرەڕای دواکەوتنەکانی حکومەتی ئاکەپە، ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی ئەم هەڵوێستە، چونکە ئێمە بڕیارێکی جددییمان لە چارەسەرکردنی کێشەکان ڕاگەیاندووە، هەروەها بە تێگەیشتنێکی فراوانەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە دەکەین و هەوڵدەدەین نەبینە لایەنێک کە پرۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە.
شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکومەتەوە نەنراوە، هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت.
لێرەدا جارێکی دیکە، گەل و دۆستانمان ئاگادار دەکەینەوە و داواتان لێدەکەین بۆ ئەوەی بە دروستی لە پڕۆسەکە تێبگەن و بە سەرکەوتوویی بانگەوازی ٢٧ـی شووبات جێبەجێ بکەن، زۆر ڕوونە کە بانگەوازی ٢٧ـی شووبات بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، بانگەوازێک نییە بۆ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنی شتێک لە حکومەت یان دەوڵەت بکرێت، بە پێچەوانەوە بانگەوازێکە بۆ پەروەردە، ڕێکخستن و چالاکیی دیموکراتیکی کۆمەڵگا بە هۆشیاری ئازادیی و دیموکراسییەوە.
ئاشتی لە ڕێگەی ئەمەوە بەدی دێت و کۆمەڵگای دیموکراتیک تەنها لەسەر ئەم بنەمایە پێکدێت، بۆیە نابێت کەس لە دۆخی نیگەرانی و چاوەڕوانیدا بێت، بەڵکوو پێویستە هەمووان بەگوێرەی سروشتی یەکڕیزیی و یەکگرتووی و تێکۆشانی ١ـی ئایار کۆببنەوە و بۆ پەرەپێدانی هۆشیاری، ڕێکخستن و یەکڕیزیی سۆسیال-دیموکراتیک هەموو بندەستان، لەسەر ئەو بنەمایە سەفەربەر ببن.
پێش هەموو شتێک دەبێت مرۆڤ زهنییەت و شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت، بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، پێش هەموو شتێک بانگەوازێکە بۆ شۆڕش لە عەقڵییەت و ژیاندا، پێویستە زۆر باش لەم ڕاستییە تێبگەین، لە هێڵی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکدا کاتی گۆڕان و گۆڕانکارییە و ئەم پڕۆسەیەش ئیتر دەستی پێکردووە، هەرچەند بەرۆخۆدانیش بکەین هیچ کەسێک ناتوانێت لە دەرەوەی ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە بمێنێتەوە.
ڕێبەر ئاپۆ گۆڕان و گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەی خۆی ئەنجامدا، پەکەکەش لەسەر بنەمای ئەم گۆڕان و گۆڕانکارییە دەژی، لەسەر ئەم بنەمایە هەموو گەلی کورد، ژنان و گەنجانی کورد گۆڕان و گۆڕانکاریی دیموکراتیک ئەنجام دەدەن و ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕان و گۆڕانکاریی دیموکراتیک لە سەرتاسەری تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەم ١ـی ئایار و هەمیش مانگی شەهیدان دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەلەکەمان و دۆستانمان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بە ئەزموونی ئەو جۆرە گۆڕان و گۆڕانکارییەوە بژین.
هەر لەسەر ئەو بنەمایانەش، جارێکی دیکە پیرۆزبایی ١ـی گوڵان لە هەموو کرێکاران، ڕەنجدەران، ژنان و گەنجان، هێزە سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەکان دەکەین، لە کەسایەتی هەڤاڵ حەقی قەرار، محەمەد قەرەسونگور و هۆزان مزگیندا هەموو شەهیدانی مانگی گوڵان بە ڕێز و خۆشەویستی و سووپاس و پێزانینەوە بەبیر دەهێنینەوە، داوا لە هەموو گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانی دیموکراسییمان دەکەین کە لە هەموو شوێنێک، بە شێوەیەکی چالاکانە و بەهێز بەشداری پیرۆزباییەکانی ١ـی ئایار بکەن.”