لڤین
كۆنفرانسی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كۆتایی هات و بەپێی راگەیەندراوی كۆتایی كۆنفرانسەكە، چەندین بڕیاردراون كە یەكێكیان پێكهێنانی خێرایی وەفدێكی هاوبەشی لایەنە سیاسییە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستانە بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق.
راگەیەندراوی كۆنفرانسەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەلایەن فەوزە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە و محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا-ئەنەکەسە، بە هەردو زمانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردراوە بە زوترین کات وەفدێکی هاوبەش لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێک بهێنرێت تاوەکو لەسەر بنەمای ئەو لێکگەیشتن و دیدگا هاوبەشەی لە کۆنفرانسەکە هاتوەتە ئاراوە، دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق بكات.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆنفرانسەكەدا جەختكراوەتە كە سیستەمی حوکمڕانی له سوریا لامەركەزی بێت و هەر ناوچەیەک تایبەتمەندییەکانی پارێزراو بێت.
كۆنفرانسەكە داوای كردوە، سامانی گشتی به یەکسانی لە نێوان هەموو هەرێمەکان دابەش بکرێت و زمانی کوردی دوەم زمانی فەرمیی سووریا بێت و هەروەها نوێنەرایەتیی کورد له هەموو دامودەزگا حکوومییەکاندا هەبێت.
هەروەك ئاماژە بەوەشدراوە كە سووریا لەسەر بنەمای دادپەروەری بنیاد بنرێتەوەو دۆخی ئابووریی ناوچه کوردییەکان باشتر بکرێت و بەعرەبکردنی ناوچەکه ڕابگیرێت و هەروەها بڕیارەکانی تەعریبی رژێمی پێشوو هەڵبوەشێندرێتەوه.
كۆنفرانسی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد لە رۆژئاوا پێشی وایە دەبێت سوریا دەوڵەتێکی مەدەنی بێت و مافی هەموو پێکهاتەکان لەناو دەستوور جێگیر بکرێت و هەروەها یەكسانی نێوان ژن و پیاوان هەبێت.