لڤین
لەدوای سەردانەکەی هەفتەى رابردووى بەرپرسانی سەربازی بەريتانيا و فەڕەنسا بۆ ئۆکرانيا، ئێوارەی ئەمڕۆ وەزيرانی بەرگریی (هاوپەيمانی ئيرادە) کە لە نزيکەی 30 وڵات پێکدێت، لەبارەگای سەرەکی ناتۆ لە برۆکسل کۆدەبنەوە.
کۆبوونەکە يەکەم کۆبوونەوەى وەزيرانی بەرگریی هاوپەیمانییەکەیە دواى سەردانەکە و چاوەڕواندەکرێت، فشارێک بێت بۆ پلانی ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا و چاودێريکردنی هەر رێککەوتنێکی ئاشتی، کە لە داهاتوودا لەگەڵ رووسیا بێتەئاراوە.
وەک هەمیشە لە کۆبوونەوەکانی هاوپەيمانی ئيرادەدا، ئەمریکا بەشداری ناکات، بەڵام سەرکەوتنی هەوڵەکانی هاوپەیمانییەکە پەیوەستە بە پشتگیریی ئەمریکا، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هیچ بەڵێنێکی نەداوە کە ئەو کارە بکات.
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای بەريتانيا و فەڕەنسا رێکخراوە، دوای ئەوەی رۆژی هەينی رابردوو نوێنەرانی هەردوولا سەردانی کیێڤيان کرد و لەگەڵ ڤۆلۆديمير زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانيا و روستێم ميرۆڤ وەزيری بەرگری و سەرکردە سەربازييەکانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدايە، رۆژی هەینی نوێنەرانی نزیکەی 50 وڵات لە ناتۆ کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پشتیوانیی سەربازی بۆ ئۆکرانیا کۆبکەنەوە، ئەو کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتی بەریتانیا و ئەڵمانیا دەبێت، چاوەڕوان ناکرێت پیت هێگسز وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەشداری تێدا بکات.
هاوپەيمانی ئيرادە لە 2ی ئازاری ئەمساڵ لەلايەن کييەر ستارمەر سەرۆکوەزيرانی بەريتانياوە راگەيەندرا، کە لە 31 وڵات پێکدێت و لەلايەن بەريتانيا و فەڕەنساوە سەرۆکايەتی دەکرێت.
هاوپەيمانييەکە بەڵێنی بەهێزکردنی پشتیوانیيەکانیان بۆ ئۆکرانیا لە دژی رووسیا داوە، هەروەها بڕيارە لە ئەگەری رێککەوتنی مۆسکۆ و کیێڤ هێزێکی ئاشتیپارێز لە ئۆکرانيا جێگير بکەن.