لڤین
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕ و دوکانەکانی مەزادخانەى سەرەوەى سلێمانى کە بە بازاڕی دارەسوتاوەکە ناسراوە، کەوتەوە و بەبێ بوونی زیانی گیانیی، کۆنترۆڵکرا.
خاوەن دوکانێک دەڵێت، ئاگرەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەوتووەتەوە و سەرەتا چەند دوکانێک بووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى سەقفی دوکانەکان هاوبەشن و ماددەى فۆمن، ئاگرەکە تەشەنەى سەندووە و تاوەکو ئێستا 150 دوکان سوتاون.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەى ئاگرەکەى دارەسوتاوەکە دەڵێت؛ “بەهەوڵى دڵسۆزانەی بەڕێوەبەر و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرگریی شارستانی و بە هەماهەنگیی هاونیشتمانییان و تیمەکانی فریاکەوتنی خێرای تەندروستی، بەبێ هیچ زیانێکی گیانیی؛ ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە”.
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت، “لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن”.
بازاڕى دارەسوتاوەکە (مەزادخانەى سەرەوە)ـى سلێمانى، دەکەوێتە ناوەندى شارەکەوە و بازاڕێکى میللییە و ژمارەیەکى زۆرى دوکانى قەبارە جیاوازى تیادا دروستکراوە و کەلوپەل و پێداویستى رۆژانەى تیادا دەفرۆشرێت.