لڤین
هێزەکانی سووریاى دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامی شەڕەکانی 24 کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە ناوچەى بەنداوی تشرین تێکشکێنراون.
ئەمرۆ پێنجشەممە 13ـى ئازار، نووسینگەی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا گوتى “تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا زیادکردووە، ئەمەش پێشێلکردنی سەرجەم رێککەوتننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانە سەبارەت بە شەڕ و ململانێکان”.
هەسەدە ئاماژەى بەوەکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج گوندەکانى دەوروبەرى بەنداوی تشرینیان بۆردوومانکردووە و پێگەی کرێکارانی پەیوەست بەو بەنداوەیان کردووەتە ئامانج.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، گرووپە چەکدارەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانى هەسەدە، بەڵام سیانیان خراونەتەخوارەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوى هەسەدە بێت، فڕۆکەکانی تورکیا گوندەکانی دەوروبەرى پردی قەرەقۆزاقیان بە زیاتر لە 50 موشەک بۆردوومانکردووە، زیانی ماددییان بە ماڵ و موڵکی دانیشتووانى گوندەکان گەیاندووە.