لڤین
خالید شوانی وەزیری دادی حکومەتی فیدراڵی، لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی مادەی 140ی دەستوور، تاوتوێی میکانیزمەکانی جێ بەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركووكیان کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی وەزیری داد، ئەمڕۆ خالید شوانی وەزیری داد، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتی فەرمانگەی یاسایی و فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانووبەرە لە پارێزگای کەرکوک، لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی کە یاسای گەڕاندنەوەی زەوێی كشتوكاڵییەکان بۆ خاوەنەکانیان لە پارێزگای کەرکوک دەیانگرێتەوە تاوتوێ کرا، هەروەها میکانیزمە یاسایی و کارگێڕییەکانی جێ بەجێكردنی بڕیاری ژمارە ٢٩ی ساڵی ٢٠١٢ی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باكوری سەر بە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە، بەشێوەیەك یاسای و دادپەروەر بۆ هەموو لایەك تاوتوێکرا .
وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، وەزیری داد جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی یاسا کارپێکراوەکان بە شێوەیەکی بێلایەن و شەفافانە کردەوە، هاوکات پاراستنی مافی هاووڵاتیان و جووتیاران، لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی یاسایی دادپەروەرانە، کە چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە شێوەیەک مسۆگەر بکات، سەقامگیری یاسایی و کارگێڕی لە پارێزگاکەدا بەدیبهێنێت.