لڤین
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ڕایگەیاند، لە ئەنجامی نقومبوونی چوار بەلەمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی یەمەن و جیبۆتی، ١٨٦ كۆچبەر بێسەروشوێنن.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆیان لە پلاتفۆڕمی “X” بڵاوی كردەوە، هەواڵیان پێ گەیشتووە لە بێسەروشوێنبوونی ١٨٦ كۆچبەر، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو چوار بەلەمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی یەمەن و جیبۆتی نقومبوون.
ئاماژەی بەوەش كرد، لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەكە کاردەکەن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بە مەبەستی ڕزگارکردنی ژیانی ئەو كۆچبەرانەی كە چارەنوسیان نادیارە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٤ و لە ڕێگەی نێوان ئەفریقا و یەمەن ٥٥٨ كۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها تەمیم عەلیان، وتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس-ی ڕاگەیاندووە، دوو کارمەندی یەکێک لەو بەلەمانەی لە کەناراوەکانی یەمەن نقومبووە ڕزگارکراون، بەڵام تا ئێستا چارەنوسی ١٨١ کۆچبەر و کارمەندی بەلەمەكان نادیارن.