لڤین
ئەو پەنابەرە سووریانە لە چەند ساڵی رابردوودا گەیشتوونەتە نەمسا، ماڵ و ژیان و گوزەرانێکیان بۆ خۆیان پێکهێناوە، ئێستا نامەیەکی دەوڵەت خەریکە هەموو شتێکیان لێدەسەنێتەوە و دەیانباتەوە خاڵی سفر.
دڵخۆشیی پەنابەرە سوورییەکان بە رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد درێژەی نەکێشا، ئەوەتا ئەو وڵاتانەی وەک ماڵی دووەم تەماشایاندەکرد، ئێستا لێوەی دیپۆرتدەکرێنەوە.
خالید ئەلنوعمان، پەنابەرێکی سوورییە 10 ساڵە لە نەمسا دەژی، بەتەواوەتی خۆی فێری زمانی ئەڵمانی کردووە، کاری دەستکەوتووە و داوای رەگەزنامەی نەمسایی کردووە، تەنانەت یەکێک لە منداڵەکانیشی لە نەمسا لەدایکبووە.
لەکاتی ئاهەنگگێڕانی ئەم خێزانە بەهۆی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، نامەیەکی حکومەتی نەمسایان پێدەگات و داوایان لێکراوە مافی پەنابەرێتیی خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
خالید دەڵێت، پەیامەکە وەک چەقۆیەک وابوو بۆسەر دڵمان. ماوەی 10 ساڵە من لێرەم، لە 8ی تشرینی یەکەمی 2014 گەیشتم، زۆر بە باشی کارم دەکرد و ژیانمان دروستکرد، مامەڵەی هاوڵاتیبوونیشم پێشکەشکرد، بۆیە ئەم نامەیە زۆر لەناکاو بوو، کە باسی هەڵوەشاندنەوەی مافی پەنابەری دەکەن”.
بڕیارەکەی حکومەتی نەمسا، پەنابەرانی سووریای هێنایە سەر شەقام بۆ دەربڕینی ناڕەزایی.
ئەحمەد حەریری رێکخەری خۆپیشاندانەکان لە دژی ناردنەوەی پەنابەران گوتی، “خەڵکی زۆر ترساون، ئێمە خولی زمانیشمان رێکخستووە، بەڵام ئێستا خەڵکەکە دەڵێن، بۆچی فێربین؟ نازانین لێرە دەمێنینەوە یاخود نا، داهاتوومان نادیارە و روون نییە”.
هەستی دژە پەنابەرێتی و رق بە گشتی لەنێو نەمساییەکان زیادیکردووە، بەتایبەت کاتێک مانگی رابردوو پەنابەرێکی سووری بە تۆمەتی کوشتنی کوڕێکی 14 ساڵ لە شاری ڤیللاچ، دەستگیرکرا.
عەبدولحەکیم شاتر یەکێکی دیکە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەلێت، “لە ئینتەرنێت کۆمێنتی زۆر پڕ لە رق دەبینین بەرامبەر ئێمە، هەمووانیان بە یەکێک لێکچواندووە، ئەمەم پێشتر لە نەمسا نەبینیوە، بۆیە بابەتەکە گرنگە”.
لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپی داوای هاوڵاتیبوونیان بۆ سوورییەکان وەستاند، نەمسا کە میوانداریی 100 هەزار سووری دەکات، رێوشوێنەکانی توندتر کرد کاتێک پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی مافی پەنابەری بۆ دوو هەزار و 900 کەس دەستپێکرد.