لڤین
پەرلەمانتارێک هۆشداری دەدات لە وشکبوونی پێنج ڕووبار لە پارێزگای کەربەلا و باس لە مەترسی لەناوچوونی بڕێکی گەورە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەربەلا دەکات.
جەواد یەساری پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێکیدا سۆمەریە نیوز ڕایگەیاند، کە جوتیارەکانی کەربەلا هۆشدارییان داوە لە نەبوونی دادپەروەری لە دابەشکردنی ئەو بڕەئاوەی لە پارێزگاکەدا هەیە و هەندێک لایەن قۆرخکاری لە سامانی ئاودا دەکەن، کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی زەویوزارە کشتوکاڵییەکان.
هەروەها لەسەر زاری بەڕێوبەری سامانە ئاوییەکان ڕایگەیاند کە ڕووبارەکانی ناوچەی ڕەشیدە کە پێکهاتوون لە ڕووباری ئەبوزەرع، جەبالیە، سافیە، کازیە و شەریعە لە چواردەوری شارۆچکەی توەیریج مەترسی وشکبوونیان لەسەرە.
وتیشی: کە لەم ساڵانەی دوایی لە وەرزی زستاندا نەبێت، کە بۆ جارێک یان دوو جار ئەو ڕوبارانە بەیەک دەگەن، جگە لەوە کەمئاوی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.
سەرباری کەمی ئاو و وشکەساڵی کە مەترسییەکی تری چاوەڕوانکراوە و بەرۆکی ناوڕاست و باشووری عێراقی گرتووە، دەوڵەتی تورک نزیکەی ٧٥٪ـی بەشە ئاوی عێراقی لە ڕووباری دیجلە و فورات گرتووەتەوە.