لڤین
ئەمریکا سەرجەم هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا راگرت، بە ئامانجی فشارخستەسەر کیێڤ بۆ ئەوەی بە دانوستان و ئاشتی لەگەڵ رووسیا رازیبێت.
بەگوێرەى میدیاکانی ئەمریکا، ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرجەم هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەى بۆ ئۆکرانیا راگرتووە، بڕیارەکەش سەرجەم ئەو چەک و تەقەمەنییانە دەگرێتەوە کە لە سەردەمى جۆ بایدندا بڕیاریان لەسەر کراوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، ترەمپ فەرمانی بە وەزیری بەرگریی ئەمریکا کردووە کە بڕیارى راگرتنى چەک بۆ ئۆکرانیا جێبەجێ بکات و ئاماژەی بەوەشکردووە، کە سەرنجی لەسەر ئاشتییە و پێویستیان بەوەیە هاوبەشەکانیان پابەندبن بەو ئامانجەوە.
ترەمپ ئامانجیەتى راگرتنى هاوکارییە سەربازییەکانى وڵاتەکەى بۆ ئۆکرانیا وەک فشارێک بەکاربێنێت تاوەکو کیێڤ ناچاربکات بە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ رووسیا بۆ راگرتنى جەنگ رازیبێت.
هاوکات، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی گوتووە، “راگرتنى هاوکارییە سەربازییەکانى ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا کاتییە و هەمیشەیى نییە”.
ئەوەش دواى ئەوەدێت، رۆژى 28ـی شوباتى 2025، لە ئۆفیسی کۆشکی سپی لە بەردەم میدیاکان دەمەقاڵێ و مشتومڕی توند لە نێوان ترەمپ و زێلێنسکی و جەی دی ڤانس روویدا.
ترەمپ زێلێنسکی بەوە تۆمارکرد، کە سەرکەشی بە ژیانی ملیۆنان کەسەوە کردووە و بووەتە مەترسی بۆ دروستبوونی جەنگی سێیەمی جیهانی.
ترەمپ پێیوایە، زێلێنسکی پاڵپشتیی و پشتیوانیی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ بەردەوامبوونی جەنگ دەقۆزێتەوە، لەبەرامبەردا زێلێنسکی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی داوای گرەنتی ئەمنی دەکات.
ئەمریکا لە ریزبەندى پێشەوەى ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین بڕى هاوکارییان پێشکەشى ئۆکرانیا کردووە، بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی بێلایەنی بودجەی فیدراڵی، لە شوباتی 2022ـەوە کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر ناردنی 182ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا داوە.