سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە لووتکەی لەندەن ڕایگەیاند، تاکە چارەسەر بۆ ئەو ناکۆکییانەی ڕۆژی هەینی لە نێوان ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی و دۆناڵد ترەمپ لە وشنتن ڕوویاندا، پێشکەش کردنی ڕێککەوتنامەیکی ئاشتییە بە دۆناڵد ترەمپ بە هاوکاری فەرەنسا.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، لە لووتکەی لەندەن بۆ تاوتوێکردنی زیادکردنی فشاری ئابووریی بۆ سەر ڕووسیا و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی خۆیان بۆ کیێڤ لە ڕووبەڕووبوونەوەی مۆسکۆدا ڕایگەیاند، لەگەڵ فەرەنسا کار لەسەر ئەوە دەکەن ڕێککەوتنامەیکی ئاشتی لە ئۆکرانیا پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بکەن.
هەروەها گوتیشی: ئەم هەنگاوە تاکە چارەسەرە بۆ ئەو ناکۆکییانەی کە ڕۆژی هەینی لە نێوان ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی و دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن ڕوویدا.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، پێی وایە فەرەنسا و وڵاتەکەی لەو بابەتە هەنگاوێکی باشیان ناوە، بۆیە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کار لەسەر ئامادەکردنی ڕێککەوتنامەیەکی ئاشتی دەکەن.
کییەر ستارمەر جەختیش لەوە دەکاتەو، بۆ ئەوەی ئاشتییەکی مەدوا درێژ بێتە ئاراوە، دەبێت هێزەکانی ئاشتی پارێز لە سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا نیشتەجێ بکرێن.
دوێنێ شەممە 1ـی ئادار 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتە لەندەن و بە گەرمی لەلایەن کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاوە پێشوازیی لێ کرا. دواتر هەردوولا ڕێککەوتنێکیان بۆ پێدانی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بۆ کیێڤ ئیمزا کرد.
هەروەها، کییەر ستارمەر، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 02-03-2025، سەرۆک و بەرپرسانی 15 وڵاتی هاوپەیمانی ئۆکرانیا، لە لەندەن بەشداریی لە لووتکەیەکیان کرد ، بە مەبەستی تاوتوێکردنی زیادکردنی فشاری ئابووریی بۆ سەر ڕووسیا و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتیی سەربازی و دارایی خۆیان بۆ کیێڤ لە ڕووبەڕووبوونەوەی مۆسکۆدا.
هاوکات بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەش، 06-03-2025، لووتکەی نائاسایی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئۆکرانیا بەڕێوە بچێت.