لڤین
دوای ئەوەی لیژنەیەكی حەوت كەسی ڕاسپێردران بۆ ئامادەكاری كۆنفڕانسی دیالۆگی نیشتیمانی لەسوریا، ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)، دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەن و ئەگەر بەشداری کۆنفرانس نەبن، ئەوان پابەندی بڕیارەكانیشی نابن. لایخۆیە هێزەكانی سوریا دیموكرات (هەسەدە)ش دەڵێت، “هەر کۆنفرانسێک کە هێزەکانمان یاخود ئیدارەی خۆسەر بەدەر بکات، نیشتیمانی و یەکگرتو نابێت و پابەندی بڕیارەكانیشی نابین”.
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ئەمڕۆ هەینی بە كەناڵی العربیەی رایگەیاند، لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی لە سوریا نوێنەرایەتی یەک رەنگ دەکات و تەنها بۆ دڵخۆشکردنی هەندێک لایەنی دەرەکی پێکهێنراوە و نوێنەرایەتی گەلی سوریا ناکات.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئۆرگانی سیاسی وەک ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری نوێنەراتی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەن، ئەگەر بەشداری دیالۆگی نیشتیمانی سوریا نەکەن، ئەوا پابەندی بڕیارەکانیشی نابن.
ساڵح موسلیم باسی لەوەشكرد، پەیوەندیکردنی هەندێک کەس بەبێ ئەرک، ناچاریان ناکات پابەند بێت بەو شتانەی کە کۆنفرانسەکە باسی دەکات”.
لایخۆیەوە فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە ماڵپەڕی العرەبیە-ـی راگەیاندوە، هەر کۆنفرانسێکی سوریا کە هێزەکانی هەسەدە یان ئیدارەی خۆسەر بەشداری تێدانەکەن، نیشتیمانی و یەکگرتو نابێت و مەبەست لێی دوبارەکردنەوەی ئەو سیاسەتەی پێشوە کە بوەهۆی لەناوچونی سوریا و پارچەپارچەبونی کۆمەڵگە.
هەروەها پشتوانی لە وتەكانی ساڵح موسلیم دەكات و دەڵێت، “ئۆرگانی سیاسی وەک ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەن، ئەگەر بەشداری دیالۆگی نیشتیمانی سوریا نەکەن، ئەوا پابەندی بڕیارەکانیشی نابن.
ئەوە لەكاتێكدایە ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر بە فەرمانێكی كۆماری لیژنەیەكی حەوت كەسی ڕاسپارد بەمەبەستی ئامادەكاری كۆنفڕانسی دیالۆگی نیشیمانی و بە وتەی لیژنەكەش، “بەشداریی کەسایەتییە سورییەکان لە دیالۆگەکەدا تاکەکەسی دەبێت، نەک بەکۆمەڵ، واتە هیچ هێزێكی سیاسی و سەربازی بەشداری ناکات”.