لڤین
پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی کەسێکی بە تۆمەتی دزینی قاسەی ماڵێک راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هاوڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنە لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رانیە کە بە وتەی خۆی قاسەیەکی بچووکی لە ماڵەکەی لێدزراوە کە بڕی 700 هەزار دیناری تێدابووە، سکاڵای تۆمارکرد.
دەشڵێت، “پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە و دوای بەدواداچوون و دەستکەوتنی زانیاریی پێویست و بە سوودوەرگرتن لە تۆماری کامێراکانی چاودێری توانرا لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرابکرێت و دوای بەدستهێنانی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتبارێک دەستگیرکرا و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا تۆمەتبار لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و پۆلیسدا دانی بە تاوانەکەیدا نا”.
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، “دادوەر بڕیاریدا بە راگیرکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی وە تۆمەتبار پێشینەی تاوانکاریی هەیە و پێشتر لەسەر تاوانی دزیکردن سزادراوە، ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە”.