لڤین
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی یەكشەممەی داهاتووی بڵاو كردەوە، بەگوێرەی بەرنامەكە لەو رۆژەدا دەنگ بە هەمواری پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕالی دەدرێت.
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی كردەوە كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو كاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ دانیشتنێكی دیكەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدا هاتووە كە لە بڕگەی یەكەمدا دەنگدان بۆ هەمواری پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕالی دەكرێت.
چاوەڕوان دەكرێت لەو دانیشتنەدا پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕالی دەنگی لەسەر بدرێت، بەهۆی ئەوەی شەوی رابردووی كۆبوونەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان لێكتێگەیشتن كراوە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە.
پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕالی یەكێكە لە پڕۆژەیاسایانەی ماوەیەكە لەنێوان فڕاكسیۆنەكان كێشەی لەسەرە و پێشتریش لە چەند دانیشتنێكی پەرلەماندا بەهۆی ناكۆكییەكان نەتوانرابوو دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەڕێندرێت.