لڤین
هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەسەدە، رایگەیاند لە دوێنێوە بەرپەرچی چەند هێرشێکی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانیان بۆسەر رۆژاڤا داوەتەوە و گرووپەکانیان ناچار بە پاشەکشە کردووە.
هەسەدە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، دوێنێ گرووپە چەکدارەکان بە پاڵپشتی درۆن و تۆپهاوێژی تورکیا، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی عەتشانە و خەربە زەمالە لە دەوربەری بەنداوی تشرین، بەڵام شەڕڤانان بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و گرووپەکانیان ناچار بە هەڵاتن و پاشەکشە کردووە.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی هەسەدە، لە دوێنێوە 17 چەکداری گرووپەکانی سەر بە تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە کوژراون و 21 چەکداری دیکەش بریندارکراون، لە نێویاندا سێ سەربازی تورکیا هەن، هەروەها سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیی گرووپەکانیش تێکشکێنراون. هەسەدە دەڵێت، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکاندا، شەڕڤانێک گیانی لەدەستداوە.