لڤین
لەسەر بانگێشتێكی رەسمی مەزڵوم عەبدی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و ئاژانسێكی نێودەوڵەتی ئامانجەكەی رووندەكاتەوە.
تۆڕی ئەلمۆنیتەر بڵاویكردەوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.
تۆڕەكە لە زاری سێ سەرچاوەوە هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە، بەڵام دەڵێت ئامادەنەبوون كاتەكەی ئاشكرابكەن.
روونیشیكردەوە، مەبەستی سەردانەكە كۆبوونەوەیە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن حەمید دەربەندی-ی نێردراویەوە بانگێشتنامەیەكی بارزانی پێگەیشتووە، كە دووشەممەی رابردوو لەگەڵیدا كۆبووەوە.
ئەلمۆنیتەر باسی لەوەشكرد، کۆبوونەوەکە پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت لە هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی و هەسەدە و بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتکردنەوەی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات.