لڤین
ماوەی چەند مانگێکە وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمی كوردستان رێكاره‌كانى فرۆشتنى سیمكارتى تۆمارنه‌كراوى توند کردووە، لە نوێترین رێکاریشیاندا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مامەڵەی پێوە دەکەن بە بڕی سێ ملیۆن دیناری عێراقی سزا دەدرێن.
لەوبارەیەوە هێمن میرانى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى دیوان له وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمی کوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی راگه‌یاند،سیم‌كارت یه‌كێكە له ئامراز و هۆکارەکانی تاوانكارى، هەربۆیە هاوڵاتیان هۆشیار ده‌كه‌نه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه سیمكارتى تۆمارنه‌كراو بكڕن نه‌سیمكارتى خۆشیان بفرۆشنه‌وه.
ئاماژەی بەوەش کرد، سمیكارتى تۆماركراو به‌ناوى هه‌ر هاوڵاتییه‌ك بێت ئەگەر بكه‌وێته ده‌ست تاوانكارێك كاتێك هێزه ئه‌منییه‌كان به‌دوایدا ده‌چن ره‌نگه ئه‌و هاوڵاتییه‌ى كه سیمكاره‌ته‌كه‌ى به‌ناوه، تووشی كێشه ببێت هەربۆیە داوادەکەن کە بەهیچ شێوەیەک سیمکارتەکانیان نەفرۆشنەوە بە کەسێک کە نەیناسن.
لەبارەی رێکارەکان و سزاکانی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەی خستەڕوو، هەرکەسێک کە له‌گه‌ڵ فرۆشتنى مۆبایل، سیمكارتی تۆمارنەکراو ده‌فرۆشن ئه‌گه‌ر به‌فه‌رمى نه‌كرابنه بریكار و ناویان تۆمار نه‌كرابێت ئه‌م كاره نه‌كه‌ن و پێیان ده‌ڵێین، “تكایه واز له فرۆشتنى سیمكارتى تۆمارنه‌كراو بهێنن، چونكه هه‌ر كه‌سێك ئه‌م كاره بكات بڕی سێ ملیۆن دینار سزاى پێبژاردنى بۆ ده‌كرێت و رووبەرویی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە”.
جەختی لەوەش کردەوە، لە ڕابردوودا جۆرێک لە هۆشیاری بە هاوڵاتیان دراوە و هەڵمەتیش کراوە، بەڵام بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارە سەربەخۆکان، لە ئەمڕۆ بەدواوە هەڵمەتی بەسەرکردنەوەی ئەو دوکانانەی کە موبایل و سیمکارت لە بازاڕ دەفرۆشن، دەست پێ دەکەن بۆ دەست بەسەرداگرتنی سیمکارتی تۆمارنەکراوەکان و هەرکەسێکیش لەو تاوانەدا بەژداربێت پێبژاردنی پێدەکرێت.