لڤین
پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” ئەنجامدانی 12یەمین کۆنگرەی خۆی راگەیاند و دەڵێت، کۆمەڵێک بڕیاری مێژوویان داوە و بەمنزیکانە ئەنجام و بڕیارەکانی کۆنگرەکە بۆ رایگشتی بڵاودەکەنەوە.
دیوانی 12یەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژانی پێنج بۆ حەوتی ئەم مانگەدا، لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، لە ناوچەکانی پاراستنی میدیا کە مەبەست لێی ناوچەکانی ژێر دەستی پەکەکەیە، بە سەرکەوتوویی 12یەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە رۆژانی داهاتوودا تەواوی بڕیار و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی 12یەمینی پارتەکەیان بۆ رایگشتی ئاشکرا دەکەن.
لە کۆنگرەکەدا راپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە خوێندرایەوە و بۆچوون و پێشنیازەکانی ئۆجەلان بۆ کۆنگرە خوێندرایەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری “مێژوویی” درا.
دیوانی 12یەمین کۆنگرەی پەکەکە باسی لەوەشکردووە، کۆنگرەکە بە نوێنەرایەتیی نوێنەرانی هەموو لایەنەکانی لە هەموو گۆڕەپانەکان ئەنجامدراوە.
ئەوەی مایەی سەرنجە، لە راگەیەندراوەکەدا سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری پارتی دەم، کە رۆژی سێی ئایار پاش 18 رۆژ لە نەخۆشکەوتنی گیانیلەدەستدا بە “شەهید” ناو دەبات و دەڵێت، لە کۆنگرەکەدا “بە رێز و وەفاوە یادی هەموو ئەوانە کرایەوە کە زۆرترین خەبات و رەنجیان داوە، لەوانەش “شەهید سڕی سورەیا ئۆندەر.”
باس لەوەشکراوە، لە کۆنگرەکەدا کە لە “ئایاری شەهیداندا” بەڕیوەچوو، بە “رێز، خۆشەویستی و وەفاوە یادی هەموو ئەو شەهیدە قارەمانانە کراوەتەوە کە بەشدارییان لە خەباتە مێژووییە 50 ساڵەکەماندا کردووە.”
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا دیوانی کۆنگرە داوای لە “نیشتیمانپەروەران و دیموکراسیخوازان کراوە، خەباتەکەیان بۆ ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان گەورەتر بکەن.