Search
Close this search box.
١

لڤین پرێس – Lvin Press

مالکی و حەلبوسی رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق

afb fe df beeac

لڤین

رۆژنامەی “العرب جدید” بڵاویکردووەتەوە، نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبە تەقدوم فشار دەكەن پێش مانگی تشرینی یەکەم/ ١٠ی ساڵی ٢٠٢٥ هەنگاوەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق خێرا بکرێت، هاوکات دەشیانەوێت بە زووترین كات سودانی لە پۆستەكەی دووربخەنەوە.

رۆژنامەی “العرب جدید” لەزاری چەند سەرچاوەیەکی سیاسی و پەرلەمانییەكانی عێراق رایگەیاندووە “هەندێك لایەن لەناو هاوپەیمانی دەسەڵاتدار، كە دیارترینیان نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراقە، فشار دەكەن بۆ خێراكردنی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، لەبری كاتی بڕیار لێدراوی خۆی لە مانگی تشرینی یەكەمی (٢٠٢٥)، هاوشانی دەستپێكردنی جموجۆڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن”.

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بۆ رۆژنامەکەی قسەی کردووە دەڵێت “ئەو رێككەوتنەی لەنێوان مەحمود مەشهدانی، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و هێزە پشتیوانەكانی كراوە، كە دیارترینیان نوری مالكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبە تەقدومە، لەسەر بنەمای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە لە عێراق بە زووترین كات و، چاوەڕێنەكردن تا كۆتایی ساڵی داهاتوو”.

هاوکات پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئەویش ناوی ئاشکرا نەکراوە ئاماژەی بەوەداوە “نوری مالیكی پاڵنەری سەرەكییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، لەگەڵ قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەماوەی رابردووشدا هەموو هەوڵەكانی نێوەندگیری رەتكردووەتەوە، بەهۆی سكانداڵی “تۆڕی سیخوڕی” كە فەرمانبەرانی نوسینگەكەی سودانی تێوەگلاون و گوێیان لە تەلەفونی بەرپرسان گرتووە، لەنێویاندا مالكی و ئەندامانی خێزانەكەی”.

رۆژنامەی “العرب جدید” لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی دیکەوە ئەوەش دەخاتە روو “مەحمود مەشهەدانی و هێزە پشتیوانەكانی لەناو پەرلەمان، لە دانیشتنەكانی داهاتوودا دۆسیەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەنەوە، بۆ هەنگاونان بەرەو دیاریكردنی كاتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، كە لەلایەن هەندێك لایەنی ناو چوارچێوەی هەمانگییەوە پێش نیاز دەكرێت لەوانە، مالیكی، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ناوەڕاستی (٢٠٢٥)”.

ئەو سەرچاوە سیاسییە کە ناوی نەهێنراوە باسی لەوەشکردووە “ئەم ئاڕاستەیە رووبەڕووی بەریككەوتن دەبێت بە هەندێك لایەنی تری ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، كە پێیانوایە گرنگە رەچاوی دۆخی ناوچەكە و گۆڕانكارییەكان بكرێت، لەگەڵ پێویستی هێوركردنەوەی دۆخی سیاسی لە وڵات.

Lvin Press
Scroll to Top