لڤین
هاوڵاتییەکی تەمەن 34 ساڵ بە تۆمەتی قاچاخچێتی و دابینکردنی بەلەمی بچووک بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ چوونە ناو خاکی بەریتانیا بە 17 ساڵ زیندانی کردن سزادرا
ئەمڕۆ شەممە 9ی تشرینی دووەمی 2024،ماڵپەڕی هەواڵی زە تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە و رایگەیاند، “هاوڵاتییەک کە بە گەورەترین قاچاخچێتی دادەندرێت دەستگیرکراوە بە سێ تۆمەتی ئاسانکاری و دابینکردنی بەلەمی بچووک بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ چوونە ناو خاکی بەریتانیا.”
دوێنێ هەینی 8ی تشرینی دووەمی 2024، ئەم قاچاخچییە لە دادگای پیترسۆن کڕاون لە لانکشایەری بەریتانیا، بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، قاچاخچییەکە ناوی “ئامانج حەسەنزادە-یەو تەمەنی 34 ساڵە، ماوەی 6 مانگە لە وڵاتی بەریتانیا دەستگیر کراوە و لە ساتی دەستگیرکردنیدا خۆی بە هاوڵاتی ئێران لە قەڵەمداوە بەڵام لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکوتووە هاوڵاتی هەرێمی کوردستانە و خەڵکی دەڤەری راپەڕینەو پێشتر لە رانییە نیشتەجێبووە.
هۆکاری دەستگیرکردنی ئامانج حەسەنزادە، دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە لە یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوبووەتەوە، تۆمارکردنەکەی بۆ 2021 دەگەڕێتەوە، ئامانج لە دانیشتنێکی بەندبیژیدا دەردەکەوێت، کۆچبەران سوپاسی دەکەن گۆرانی “تۆ باشترین قاچاخچیت” دەڵێن لەبەر هۆکاری گواستنەوەیان، ئامانج حەسەنزادەش لە خۆشیدا پارە بە هەوادا دەدات و تەقەی خۆشی دەکات.
بۆ ئەم مەبەستەش مارتن کلارک، فەرماندەی لقی ئاژانسی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەى تاوان، ئاماژەى بەوەکردووە، “ئامانج حەسەن زادە دامەزراوەیەکى ئاڵۆزی بازرگانیکردن بە مرۆڤی بەڕێوەبردووە، لە هەمان کاتدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ ریکلامکردن بۆ خزمەتگوزارییەکانی بەکارهێناوە“.
بەگوێرەى ئامارەکانی حکومەت، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئەمساڵ بە بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە خاکی بەریتانیا، 30 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.