لڤین
سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی عێراق لە شاری هەولێرەوە پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات و ڕایدەگەیەنێت، عێراق خەریكە لە قەیرانێك ڕزگاری دەبێت، كە سەدەیەكە وڵات پێوەی گیرۆدەیە.
عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی لە دیداری مێری لە هەولێر ڕایگەیاند، عێراق سەدەیەك بوو لە قەیراندا بوو، بەڵام خەریكی لەو قەیرانانە ڕزگاری دەبێت.
ڕاشیگەیاند، سازانی سیاسی بۆ حوكمڕانی عێراق زۆر گرنگ و پێویستە، چونكە لە عێراق كێشە هەن، بەڵام هەنگاو بۆ چارەسەركردنیان نراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تەنگمان بە تیرۆر هەڵچنیوە و ئۆپەراسیۆنی بەردەوام لەدژی تیرۆر هەیە.
وتیشی، “جووڵەیەكی زۆر بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەیە و بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە سەرۆكی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرێت”.
عەممار حەكیم ئاشكراشیی كرد، دەبێت داهات بە یەكسانی و دادپەروەرانە دابەش بكرێت و وتیشی، “لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیرانی سودانی كرانەوەیەكی زۆر بەڕووی هەرێمی كوردستان هەبووە و هیوادارین تەواوی بابەتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن”.