لڤین
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 27ی تشرینی یه‌كه‌می 2024، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق، ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێشنیاری هه‌مواری یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو، بخرێته نێو ئه‌جێندای كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوو.
به گوێره‌ی لێدوانی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پێشنیاری هه‌مواری یاسای خانه‌نشینی ژماره 9ی ساڵی 2014، خستووه‌ته ناو ئه‌جێندای دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه، ئه‌وه‌یه یاساناسان و شاره‌زایانی بواری یاسایی، ره‌خنه‌یان له هه‌مواركردنه‌وه‌ی یه‌كه‌می یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو ژماره 9ی ساڵی 2014 گرتووه، به‌و پێیه‌ی هه‌مواره‌كه، دامه‌زراوه حكومییه‌كانی له‌و كه‌سانه بێبه‌شكردووه كه ئه‌زموونیان هه‌یه، به تایبه‌تی له پسپۆڕییه پزیشكییه‌كاندا. ئه‌مه‌ش وایكرد ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌مه‌نی خانه‌نشینی له 60 ساڵه‌وه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ 63 ساڵ.
له 19ی تشرینی دووه‌می ساڵی 2019، یه‌كه‌م هه‌مواری یاسای خانه‌نشینی ژماره 9ی ساڵی 2014 ئه‌نجامدرا، هه‌مواره‌كه به‌م جۆره بوو: هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌ته‌ی خواره‌وه‌دا خانه‌نشین ده‌كرێت:
یه‌كه‌م: كاتێك ته‌مه‌نی ده‌گات به 60 ساڵ، ئه‌وه ته‌مه‌نی خانه‌نشینبوونه، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ساڵانی خزمه‌ت.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی فه‌رمی پزیشكی بڕیاریدا ئه‌و كه‌سه بۆ خزمه‌تكردن شیاو نییه.
ئه‌و هه‌مواره‌ی سه‌ره‌وه، واته كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی بۆ 60 ساڵ، دوای یه‌كه‌مین خۆپیشاندانه‌كانی تشرین هات له ساڵی 2019. ئامانج له‌و هه‌مواره، ئه‌وه بوو ده‌رفه‌تی كار بۆ گه‌نجه‌كان بڕه‌خسێت و له فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تدا دابمه‌زرێن و ده‌ستبه‌كاربن.
به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌مواره، زۆرێك له‌دامه‌زراوه حكومییه‌كان، خه‌ڵكانی شاره‌زا و خاوه‌ن تواناكانیان له‌ده‌ست دا. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت، داواكاریان پێشكه‌ش كرد بۆ درێژكردنه‌وه‌ی خزمه‌تی هه‌ندێك له خه‌ڵكانی شاره‌زا و به توانا، یان درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی خزمه‌تی خه‌ڵكانی خاوه‌ن پسپۆرییه ده‌گمه‌نه‌كان، تاكو ماوه‌یه‌كی زۆرتر له كاره‌كانیاندا بمێننه‌وه.
له‌گه‌ڵ زۆربوونی ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌و هه‌مواره گیرا كه تایبه‌ت بوو به كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌وڵیدا یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو هه‌مواربكاته‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینبوون بۆ پێش ساڵی 2019، واته بۆ ته‌مه‌نی 63 ساڵی.