لڤین
سەرۆکی رووسیا هۆشداریی بە وڵاتانی رۆژئاوا دا، ئەگەر ئۆکرانیا بەو مووشەکانەی لە رۆژئاوا وەریگرتووە، هێرش بکاتە سەر خاکی رووسیا، ئەوا ئەم وڵاتە دەتوانێت لە وەڵامدا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت.
ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ هەر هێرشێکی ئۆکرانیا کە لەلایەن وڵاتێکی خاوەن ئەتۆمەوە پاڵپشتی بکرێت، بە “هێرشی هاوبەش”ی دەزانێت.
لە سەرەتای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، پوتین وتی، ئەم گۆڕانکارییە لە روانگەی ئێمە، وەک کاردانەوەیەکە لە بەرامبەر بە گۆڕانی خێرای سیمانی جیهانی کە بەهۆیەوە مەترسی و هەڕەشەی نوێی بۆ سەر رووسیا دروست کردووە.
پوتین وتی: پێشنیار کراوە کە دەستدرێژی وڵاتێکی نائەتۆمی، بەڵام بە پاڵپشتی وڵاتێکی خاوەن ئەتۆم بۆ سەر رووسیا، وەک هێرشێکی هاوبەش بۆ سەر فیدراسیۆنی رووسیا هەژمار بکرێت.
پوتین ئاماژەی بەوەشکرد، رووسیا مافی خۆیەتی چەکی ئەتۆمی بەهەمان چەک بەکاربهێنێت ئەگەر هێرشیش بکرێتە سەر وڵاتی بیلاروسی هاوپەیمانی.
ئەم قسانە ئەوە دەردەخەن کە روانگەی ئەتۆمی رووسیا لە گۆڕاندایە.
بەپێی ئەو روانگە ئەتۆمییەی ئێستای رووسیا، کە بە فەرمانی پوتین لە ساڵی 2020 راگەیەندراوە:” رەنگە رووسیا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت لە ئەگەری هێرشی ئەتۆمی لەلایەن دوژمنێکەوە یان هێرشێکی ئاسایی کە مەترسی لەسەر بوونی وڵاتەکە دروست بکات”.
ئەو گۆڕانکاریانەی کە پوتین پێشنیاری کردووە بریتین لە فراوانکردنی ئەو بارودۆخەی کە رێگە بە رووسیا دەدات بیر لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە.