لڤین
وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەگەڵ شاندێكی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی باڵایان هەبووە بە تایبەت لە بوارەکانی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی.
ئەمڕۆ ٢٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٤، شـۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. بە سەرۆکایەتی ولیام بلانچارت، بەرێوەبەری بەشی پاراستن و ئاسایشی نێودەوڵەتی (UNDSS).
وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی باڵایان هەبووە بە تایبەت لە بوارەکانی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی، ڕێگریرکردن لە جەنگ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی دیموکراسیەت و یەکسانی لە نێوان گەلاندا.
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەلی کورد و رایگەیاند، لە سەرجەم قۆناغە جیاجیاکاندا هەمیشە پشتیوانی مافی ڕەوای گەلی کوردبوون، خزمەتی زۆریان لە گشت بوارەکاندا پێشکەش کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە ڕێز و پێزانینی زۆری بۆ ڕۆڵی باڵای ئێوە هەیە. هیوادارین، پەیوەندییەکانی نێوانمان بەردەوام بێت بە ئامانجی هەماهەنگی زیاتر و کاری پێکەوەی.
لای خۆشیەوە، ولیام بلانچارت، دڵخۆشی خۆی دەربڕی لە سەرەدانەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی کرد لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە. ڕایگەیاند، لە کاتێکدا ناوچەکە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر دەروات، پێشمەرگە توانیوێتی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش بپارێزێت.