لڤین
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان توانییان لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزی هێزەکانی سوپا و شاباک، بارمتەیەکی دیکە لە باشووری کەرتی غەززە رزگار بکەن.
ئەو سوپایە ئاماژەی بەوەشکردووە، کاید فەرحان قازى، تەمەن 52 ساڵ لە “ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز”دا ئازادکراوە و باری تەندروستی باشە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کاید لە 7ـی تشرینى یەکەمى ساڵى رابردووەوە لەلایەن حەماسەوە رفێندراوە.
دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ـی تشرینی یەكەمی 2023، هێرشی كردەسەر بەشە ئیسرائیلییەكەی كەرتی غەززە، زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی كوژران و زیاتر لە 200 كەسیش بە بارمتەگیران و گواسترانەوە بۆ ناو كەرتی غەززە.
لە مانگەكانی سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە، بەشێك لە بارمتەكان بەرامبەر زیندانییە فەڵەستینییەكانی گرتووخانەكانی ئیسرائیل ئاڵوگۆڕ كراون، بەشێك لە بارمتەكانیش لە بۆردوومانەكانی ئیسرائیلدا كوژراون و بەگوێرەی زانیارییەكان، نزیكەی 100 بارمتە تاوەكو ئێستا لای بزووتنەوەی حەماس ماونەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی كەرتی غەززە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار كەس كوژراون و دەیان هەزاری دیكە برینداربوون، هەروەها بەشێكی زۆری دانیشتووانی كەرتەكە ئاوارەبوون و زیانێكی ماددی زۆریش بەر غەززە كەوتووە و سەرجەم ژێرخانەكان لەناوچوون.