لڤین
فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئیدانەی هێرشە درۆنەكانی توركیا بۆسەر هاوڵاتیانی هەرێم دەکات و دەڵێت” بێدەنگی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم جۆرێکە لە شەرعیەتدان بە پەلامارەکانی تورکیا”.
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە” بە توندی پەلاماری بێبەزەییانەی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، بەتایبەتی لە ماوەی کەمتر لە (٧٢) کاتژمێری رابردوودا لە دوو پەلاماری جیادا لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دهۆک (٧) هاوڵاتیان شەهیدکردووە کە ئەندامی دوو خێزانن یەکێکیان منداڵە و ژمارەیەک هاوڵاتی تریشیان بریندارکردووە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە” بەردەوامی پەلامارەکان و بێدەنگی و بێ هەڵوێستی حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێم لە ئاست شەهید و بریندارکردن و پێشێلکردنی سیادەی عێراق جۆرێکە لە شەرعیەتدان بە پەلامارەکان، جارێکی تر داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ئەم بێدەنگیە بشکێنن و هەڵوێستی جددی بنوێنن”.
ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە، بەهۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە سەرەتایی ئەمساڵەوە (٢٣) هاوڵاتی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم گیانیان لەدەستداوە و (١٧) کەسی دیکەش برینداربوو.