لڤین
پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند كه نابێت ئارامی و گه‌شه‌كردنی شار، ئابووری و دۆخی ژیانی خه‌ڵك و بازاڕ و دادگا بكرێت به قوربانی بانگه‌شه و ململانێی هه‌ڵبژاردن، ده‌شڵێت: “ئه‌وه‌ی له سلێمانی ده‌كرێت مواجه‌هه‌ی ئیرهابه”.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 30ی ته‌مموزی 2024، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له كۆنفرانسیكی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه “دۆخی سلێمانی ئارامترین دۆخه به‌راورد به هه‌موو پارێزگاكانی تری عێراق”.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وتی: “ئه‌و رووداوانه‌ی كه رووده‌ده‌ن دامه‌زراوه‌یه‌كی ره‌سمی، ده‌وڵه‌تی یان حزبی راینه‌سپاردوون كه بێت، هه‌ڵوێستی كه‌سییه”.
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه “داموده‌زگا یاساییه‌كان و ئارامییه‌كانی ئێمه رێكاری پێویستی به‌رامبه‌ر گرتوونه‌ته‌به‌ر”.
پارێزگاری سلێمانی باسی له‌وه‌شكرد كه “ئه‌وه جیاوازه كه ئیرهابی ده‌وڵه‌ت هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت مواجه‌هه‌ی ئیرهاب بكا و نابێت ئه‌م دوو دۆسێیه تێكه‌ڵ بكرێت”.
وتیشی: “ئه‌وه‌ی له سلێمانی ده‌كرێت مواجه‌هه‌ی ئیرهابه، مواجه‌هه‌ی لادانه له یاسا، نه‌ك ئیرهابی ده‌وڵه‌ت بێت، یان ده‌وڵه‌ت یان هه‌ر هێزێكی ده‌سه‌ڵاتدار له پشتی ئه‌وه‌وه بێت یان بخوازێت یان بیه‌وێ ئه‌و حاڵه‌ته نائارامییانه رووبدات”.
جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه “هیچ كه‌سمان له‌گه‌ڵ (ئه‌و رووداوانه‌دا) نین، ئیدانه‌مان كردوون، رێكاری یاسایی گیراونه‌ته‌به‌ر و ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیركراون و براونه‌ته‌به‌رده‌م دادگا”.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر دڵنیایی دا له‌وه‌ی كه “دۆخی ئارامی له سلێمانی دۆخێكی گونجاوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر كه‌م هاوكارن كه به‌هه‌موومان دۆخه‌كه بپارێزین”.
روونیشیكرده‌وه كه “پاراستنی دۆخی ئارامی ته‌نها به پارێزگار یاخود به به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش یان به لایه‌نێكی تر ناكرێت و پێویستی به پشتیوانی هه‌مووانه، بۆ كوردستان و عێراقیش ئه‌م قسه‌یه راسته بۆیه ده‌بێت هه‌مووان هاوكاری یه‌كتری بین”.
پارێزگاری سلێمانی راشیگه‌یاند كه “له‌به‌رده‌م هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنداین و به‌هیچ جۆرێك نابێت ئارامی و گه‌شه‌كردنی سلێمانی، ئابووری و دۆخی ژیانی خه‌ڵك و بازاڕ و دادگا بكرێت به قوربانی بانگه‌شه و ململانێی هه‌ڵبژاردن”.