نووسینی ئەنوەر حسێن (بازگر)
-1-
بەم زوانە پارتی وەك هێزی یەكەمی براوە، دەستدەكات بە سەردانی تاكتیكی لایەنەكان و كارت و بەرژەوەندییان بۆ دەخاتە سەر مێز، (یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، هەڵوێست…) لەگەڵیاندا ناچنە حكومەتەوە، بەڵام ڕەنگە بۆ ئەزیەتكردنی یەكێتی زۆرتر لای بەرەی گەل ڕاوەستێت.
دواین سەردانیشی بۆلای یەكێتی دەبێت، فایلی سەوز و زەرد دەگۆڕنەوە و یەكێتی فایلێكی سەوز دەداتە پارتی كە حكومەتی كردوەتە دوو ستۆن، داوا لە پارتی دەكات یەكێكیان هەڵبژێرێت.
دواتر یەكێتی، سەردانی هەمان ئەو لایەنانە دەكات و كارت و بەرژەوەندی خۆی دەخاتە سەرمێزی دانووستان.
پارتی فایلەكە دەباتەوە و ماوەیەك لێی بێدەنگ دەبێت و دواتر پێشنیاری خۆی دەكات و دیسانیش یەكێتی قبوڵی ناكات. ئەم هاتوچونە بەردەوام دەبێت لەنێوان (سەری ڕەش و دەباشان) وەكو شەرابی ناو زەریا دەشڵەقێنرێت تا پێ دەگات، تا دوای سەری ساڵ و نزیك بە بەهاری داهاتوو دەگاتە نۆشكردن.
دواتر بە كارت، تەلەفون و قسەی خۆشی (تاران، ئەنكەرە و واشنتۆن) مەراسیمی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كارا و حكومەتی نوێ پێك دێت.
-2-
لەم دیزاینە تازەیەدا نەوەی نوێ وەكو هێزێكی عیلمانی پلەی دوەمی لە بادینان لە یەكگرتووی ئیسلامی سەندوە، لە سلێمانیش پلەی دوەمی لە پارتی وەرگرتوە بە (15) كورسی سوپرایزی ناو موعجیزەی دیزاینی ناو هەڵبژاردنەكەیە و لەگەڵ یەكێتی كورسییەكانی نزیك بۆتەوە، هەرچەندە لە ڕووی جوگرافیشەوە دەباشان و كۆشكی سپی گوندی ئەڵمانی زۆر لەیەكەوە نزیكن. گەر ڕازیش بێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت.
لەم دیزاینەدا كۆمەڵی دادگەری پاشەكشەی كردوە، خۆیان هۆكارەكەی دەزانن، بەرەی گەل، جگە لە پارتی جێگەی ڕەزامەندی ناو دیزاینە هۆمۆجینەكە نییە، چارەنووسیشی پێناچێت لە بەرهەم ساڵح باشتر بێت، هاوپەیمانی كوردستانیش خێری قسە باشەكانی بە یەك كورسی وەرگرتەوە.
هێزی تریش دەركەوتوون، كە خۆیان وەكو بەرەی ئۆپۆزسیۆن ناساندوە، بەڵام لە كوردستان دووبارە بوونەوەی نەوشیروان مستەفا كارێكی مەحاڵە.
3
پرسیارێكی سادەی خەڵك لە شەقام و كۆڵانەكانی ئیسكان و كانی ئاسكان، چایخانەی مەچكۆ و شەعب دووبارە دەبێتەوە؟
– ئەو موعجیزەیە چییە یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان (نەوشیروان مستەفا)، هاوپەیمانی كوردستان (بەرهەم ساڵح)، بەرەی گەل (لاهور جەنگی….) لێی جیادەبێتەوە، كەچی هەر یەكەمی زۆنی سەوزە و خەڵكی دەنگی پێدەدەنەوە!
كەواتا سیاسەت حیكمەتی دەوێت، گرنگ دەنگدەر دەنگ بەكێ دەدات.
– ئەو موعجیزەیە چییە پارتی، بەنەبوونی مووچە، قەیرانی ئاو و كارەبا، لافا و هاتنی سوپای توركیا و قەیرانی زۆر و زەوەند، كەچی هەر یەكەمی زۆنی زەردە و خەڵكی دەنگی پێدەدەنەوە!
سیاسەت حیكمەتە. لە هەڵبژاردنیش ئەنجام شەرتە، ژمارەی دەنگ و كورسییەكان قسە دەكەن.
-4-
– بارودۆخەكە هێندە ئاڵۆزە، گە بڵێیت پڕۆسەكە دیموكراسییە دەخوات، گەر بشڵێیت ساختەكاری تێدا كراوە دیسان هەر دەخوات، گەر بشڵێیت پارتی و یەكێتی دوو هێزی جەماوەری كوردستانن، هیچ ناڕاستییەكی تێدا نییە. گەر بشڵێیت خاوەنی جوگرافیا، هێزی پێشمەرگە، ئەمنی و پەیوەندی ناوچەین هەقیقەتت وتوە، گەر بڵێیت؛ ئێران، توركیا و عێراق تەنانەت ئیسرائیلیش دەستیان وەرداوەتە كارەكەوە هەر دەخوات ئەوانە هەموو ئەگەر و گریمانەن.
من نازانم ئێران چی دیزاین كردوە (وەكو پێشتر پارتی دەیوت…!)، بەڵام ئەم ئەنجام و فۆڕمە مۆزایكەی بەدڵەو پێشوازی لە هەموو ئەو هێزانەش كردوە، كە بە ئاشكرا یان نهێنی ئەم ماوەیە سەردانى تارانیانكردوە، پارتیش پاش ئەنجامەكان نە باسێكی لە ئێران نە لە دیزاین كرد (پێدەچێت پارتی-ش ئەو دیزاینەی بەدڵ بێت).
توركیا دیزاینەكەی بەدڵە و لە هێنانی دەنگەكانی یەكێتی نیگەران نییە (پێدەچێت یەكێتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا لە سەری ساڵەوە ئاسایی بكاتەوە).
عێراق عرابی كارەكەیە، ئیتر منەت دەكات و مەرج و خواستەكانی خۆی باشتر دەسەپێنێت.
ئیسرائیل هەرچەندە لە سنورەوە لێمان دورە، بەڵام لە هەموو كون و قوژبنی ئەم وڵاتە پەسێوە، لە تەوێڵە و بیارەوە تا حاجی ئۆمەران، سۆران و ڕەواندز گوێی هەڵخستوە، هەندێكجار (ئەم یان ئەو) باجی سەرە تاتكێی و جرت و فرتی ئەو دەدەن.
واتا ئیسرائیل تەنها لە غەززە، باشووری لوبنان، بەرزاییەكانی جۆلان و دیمەشق نییە، وە بەتەنها بۆ ئەوان سەرئێشە نییە، بەڵكو لەهەموو ناوچەكە سەرئێشەی خۆی هەبوە و هەیە، وەكو چۆن هەولێر دووجار مووشەك بارانكرا و باجی ناهەقی دا.
-5-
هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پاش بانگەشەیەكی توندی لایەنەكان كۆتایهات، ئیتر (كۆتایی پێدەهێنین، ناتوانن، بوەستە، درۆ دەكەن) دەخرێنە ئەرشیفەوە، پێویستە؛ توندی گوتارەكان لە یاد بكرێت، دوو وەفدی بەهێزی یەكێتی و پارتی، كە خاوەنی بڕیار و تۆلێرانس بن كۆببنەوە بۆ دروستكردنی كابینەیەكی جیاوازتر.
پارتی؛ (پۆست و كارەكتەر)ی سەرۆكی حكومەتی دەوێت، یەكێتی سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی دەوێت. ڕەنگە لەسەر وەزارەتە سیادییەكان گرفت پێكبێت، چونكە لەوانەیە یەكێتی داوای دوو لەو وەزارەتانە بكات.
ڕەنگە سیناریۆی تریش بێتە پێشەوە، وەكو ئەڵتەرناتیف، بەڵام دروستكردنی حكومەت و سیستمی سیاسی، بێ یەكێتی بە (23) كورسی و بێ پارتی بە (39) كورسی لە كارێكی مەحاڵ دەچێت.
وەكو چۆن بردنەوەی پڕۆسەكەش بەبێ دیزاینی زۆرینەی یەكێتی و پارتی لە موعجیزە دەچێت.
بەڵام، بۆ هەلوومەرجی كوردستان، بەتەنها ژمارەی كورسی حوكم ناكات، بەڵكو هێز و دەزگای ئەمنی، جوگرافیا، پەیوەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، واتا بەدەركردنی هەركام لەم دوو هێزە لە هاوكێشەكەدا، واتا دوو ئیدارەیی هەرێمی كوردستان و بێ ئەرزشكردنی پەرلەمان و دەنگی خەڵك.
بەڵام بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان پێویستە:
– هەردوولا، هەندێ كارەكتەر لەناو كابینەكەدا بگۆڕن.
– هەردوولا واز لە غرور و عینادی بێنن.
– دوو سەرۆكی فراكسیۆنی شارەزا و كەسایەتی بۆ لیستەكانیان دەستنیشان بكەن.
چونكە چەند مەترسی لەبەردەم كوردستان و ناوچەكەدا هەیە:
– هەڵبژاردنەكانی نۆڤەمبەری داهاتووی عێراق، كە ڕەنگە گرفت بۆ كورد و پۆستەكان دروستبكات.
– ئەگەری پەلاماردانی عێراق و حەشدی شەعبی لە لایەن ئیسرائیلەوە.
– شەڕ و ململانێی و هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و وەڵامدانەوەی.
بۆیە گەر هەلومەرج و هاوكێشە سیاسییەكان باش نەخوێننەوە، ڕەنگە بۆ حەلی قەیرانەكانی نێوانیان، قۆناغی یەكەم دادگای فیدراڵی و دواتر توركیا و ئێران، پاشان ئەمریكا و ئەوروپا سییناریۆیەك بسەپێنن، كە بەخواستی یەكێتی و پارتی نەبێت.
دیزاینی پەرلەمانی كوردستان و هێزە سیاسییەكان گۆڕاوە و هەلومەرجەكەش تەواو گۆڕاوە، بۆیە مامەڵەكردن بە تێڕوانینی چوار ساڵی پێشوو بۆ حوكمڕانی كوردستان، نەك هەر مەنتقی نییە، بەڵكو ئاریشە و قەیرانی زۆرتری لێدەكەوێتەوە.