جارێکی دی و بە هەمان ئازار و سۆی بێ کۆتاییەوە لە یاد و بیرەوەری و ساڵیادی شەهیدبوونت ، هەموومان وەک جاران ، وەک یەکەم ساتەوەختی تیرۆرکردنت ، وەک ئازاری بیستنی ڕژانی خوێنت لەسەر لاپەڕەیەکی سپی گۆڤارێکی تەنها ، وەک یەکەمین بریسکەی ناسۆریی شەهیدبوونی پەپوولەیەکی پڕ ناز و نهێنی بە شەهیدبوون و ساڵیادیی یادەوەریت دڵ و ناخ و ڕوحمان ژان دەکات و لانکەی خۆشەویستی تۆ بەدەستی موحیبەت و پاکێتی ڕادەژێنین.
سۆرانی مامە حەمە ، زۆر شتی لەم وڵاتە دۆزەخییەی ئێمەدا گۆڕی و زۆر شتی تری کردە ڕاستەقینەیەکی حاشاهەڵنەگر .
ئەو لەگەڵ شەهیدبوونیدا پێی وتین زۆر زوو ئێمە خەون بە ژیان و دونیایەکی ئەرخەوانی و لێوان لێو لە بەختەوەری ببینین و زۆر زووە بۆ ئەوەی وڵاتێکی دیموکراسیی و پڕ داد و تەبایی و پیکەوە بوون ببینین.
شەهید سۆران ئەوەی تەرجەمەکردە سەر واقیع کە ناکریت لەم وڵاتەدا جیاوازتر لە ڕژێمی خوێن بیربکەیتەوە و بتوانیت بژیت ، ئەو پێی وتین ئەم وڵاتە دەبێت هەموو وەک یەک بیربکەینەوە ، وەک ئەوان کوردستان ڕەش و زەرد ببینین.
هەر بۆیە لە پێناو سەلماندنی ئەو حەقیقەتە تاڵەدا شەهیدبوو بەڵام شەهید بوونێک لە جۆری ئەو شەهیدانەی لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک پرسیار و گومانی گەورەی لەسەر خەرەندی دیموکراسیی ئەم وڵاتە دروست کرد .
ئەو پرسیارانەی هەرگیز ناتوانین وەڵامێکی تەندروست و ئەرخایەنمان لە بارەیانەوە دەستبکەوێت و تەنانەت هێندە ناشرین و پڕ لە زوڵم و نادادین شەرم دەکەین لە کردن و لە بەدوادا گەڕانیان .
بۆچی کوردستان پڕە لە ئەو چەتانەی بەردەوام بە خوێن ڕۆژووی سیاسەت دەشکێنن !؟
بۆچی حیزبی کوردیی بە تیرۆر و تۆقاندن دەرژی و شاگەشکە دەبێ؟
بۆچی پارتی ئەوەندە ڕقی لە کوردبوون و ئازادیی و لە وڵاتێکی جوانە ؟
بۆچی دەسەڵاتی کوردیی بەوتن و ڕایی جودا دەخنکێن ؟
بۆچی ئەم جانەوەرە سیاسیانە لە دادگای حەقدا هێندە ڕوو زەرد و ڕوو قایمن ؟
بۆچی حیزبی کوردیی لە تارمایی ئازادیی وتن دەترسێت ، و خەمی ژیان و خەڵک و خاک و وڵاتیان نیە ؟!
شەهید سۆران لوتکەی بەرخودانی ئازادیی رۆژنامەگەری کوردیی بوو و هەر بەو جۆرە و بەهەمان بەهاو پێگەو سەروەریی خۆی دەمێنێتەوە.
تەنانەت ئەو وتانەی پێچەوانە کردەوە کە دەوترێت مەرگی ئازیزانمان بۆ چەند مانگ و ساڵێکە و کۆتای دێت ! کەچی تۆی هاوڕێی شەهیدمان پاش(١٦) ساڵ لە تیرۆرکردنت شوێنت لە دڵی هەزاران کەسی دڵسۆزی ئەم وڵاتەدا هەیە شکۆمەندیت لە لوتکەی خۆشەویستیدا دەمێنێتەوە .
هاوڕێیانی ئازیز : دەمەوێت ئەوە ڕوونبکەمەوە کە کەیسی ئەم هاوڕێ شەهیدەمان هەر وەک خۆی ماوەتەوە و لەسەر ڕەفەی زەردی نادادپەروەریی کوردیی ماوەتەوە و دەسەڵاتی لەرزۆکی پڕ کون و کەلەبەر گوێی زوڵمی لە ئاست ئەم تاوانەدا خەواندووە ، بەڵام ئەوەی گرنگە تا ئێستاش دەنگی ڕەسەنی دادپەروەریی لەسەر بڵندگۆیی ئازادیی بۆ گێڕانەوەی حەق و سەندنەوەی مافی شەهید سۆران و هاوڕێکانی هاوار بۆ ئاسمان و دونیای دادپەروەریی دەکەن ، بە ئاواتی ئەوەوە کە زوڵم کۆتایی پێبێت و بکوژانی شەهید سۆران وەک هەمیشە بە ڕسوایی و سەر شۆڕیی لە مێژوودا بمێننەوە .
ئەحمەد میرە