لڤین
جێگری هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆسەر بە ئاژانسی هاوار نیوزی گوتووە، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەرێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ تەواوی لایەنەکان بەردەوامە، بەتایبەت کۆمسیۆنی پەنابەران و حکومەتی سوریا و دەیانەوێت گفتوگۆ لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن.
شێخموس ئەحمەد ئاماژەی بەوەشداوە، بەگوێرەی رێکەوتنی رۆژاڤا و دیمەشق دەبێ حکومەتی سوریا کارئاسانی بکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکات و لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر هەماهەنگی بکات تا میکانیزمێک بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە.
بەگوتەی شێخموس ئەحمەد، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆلن بەردەوامە و هەفتەی رابردوو بەهەماهەنگی کۆمسیۆنی پەنابەران و رێکخراوە ناوخۆییەکان کاروانێکی سورییەکانی کەمپەکە، کە 178 کەس بوون رەوانەی حەلەب کراونەتەوە و رۆژانی داهاتووش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
دەشڵێ، بەهۆی وێرانبوونی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونیان لەلایەن گرووپەکانی سەر بە تورکیاوە، هەزاران خێزان بۆ گەڕانەوەیان رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە و تا شوێنەکانیان دروستنەکرێتەوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.