لڤین
بریارە ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانتارانى ئیسرائیل دەنگ بە پرۆژەیەکی پێشنیازکراوی ئۆپۆزسیۆن بدەن کە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات و بەشێک لە پارتەکانی دەسەڵاتیش هەڕەشەی پشتیوانی پرۆژەکە و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن.
پرۆژە پێشنیازکراوەکە لەسەر بنەمای رەخنەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پیشکەش کراوە کە لە چەند پارتێکی راستڕەو و ناوەندگەرا پێکهاتوون و رەخنەی توندیان لە بەردەوامی جەنگی غەززە و چۆنییەتی ناونوسکردنی گەنجان بۆ خزمەتی سەربازیی هەیە، لەئێستاشدا پارتە ئایینییە جووەکانی ناو پەرلەمان، لە دژی پارتەکەی بنیامین نەتانیاهووی سەرۆکوەزیران هەڕەشەی پشتیوانی لە پرۆژەکە دەکەن.
ئەگەر پرۆژەکە دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت، سێ خولی دیکەی دەنگدان ئەنجامدەدرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەئەگەری شکستیشدا، دەبێت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان شەش مانگی دیکە چاوەڕێبکەن بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەیەکی دیکە.
سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، هەموو سەرنجێکیان لەسەر کۆکردنەوەی دەنگی پێویست و رووخاندنی حکومەتەکەی نەتانیاهوو دەبێت، پارتە جووگەراییەکانی پاڵپشتی هاوپەیمانێتییەکەی نەتانیاهووش لەنێویاندا پارتی “جووگەرایی تەوراتی یەکگرتوو” تاوەکو ئێستا بانگەشەی پشتیوانی پرۆژەکە دەکات.
لای خۆشییەوە، بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل کە بە وەزیرە توندئاژۆکەی ئیسرائیل ناسراوە لەوبارەیەوە هۆشداریدا و رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە کاتی جەنگدا بەواتای دۆڕاندنی جەنگ دێت و ئەوانەی ئەم کارە دەکەن مێژوو لێیان خۆشنابێت.