لڤین
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، ئەو چالاکانەی لەنێو کەشتی مادلین تایبەت بە هاوکارییەکانی غەزەدا بوون، گواستراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی تەلئەبیب هەتا لەوێوە رەوانەی وڵاتی خۆیان بکرێنەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لەنێو چالاکەکاندا گرێتا تیونبێرگ، چالاکی سویدی بواری گۆڕانی کەشوهەوا و ژمارەیەک چالاکی دیکە هەبوون، کە لەلایەن هێزی دەریایی ئیسرائیلەوە رێگرییان لێکرا لەوکاتەی بەڕێگاوەبوون بەرەو شکاندنی گەمارۆی سەر غەزە.
ئەم چالاکانە لە رۆژی یەکی حوزەیرانی ئەمساڵ لەڕێی کەشتی مادلینەوە کە بڕێک خۆراک و پێداویستی هەڵگرتبوو بەرەو غەزە، ئیتاڵیایان بەجێهێشت، دوێنێ ئیسرائیل رێگری لە کەشتییەکە کرد گەمارۆی سەر غەزە بشکێنێت، تەواوی چالاکان و سەرنشینانی کەشتییەکەشی دەستبەرسەرکرد.
کەشتییەکە رۆژی هەینی لە سیسیلی ئیتاڵیاوە بەڕێکەوتبوو و بڕیاربوو شەوی دووشەممە بە گەیاندنی بڕێکی یارمەتی داوای شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەزە بکات، بەڵام لەلایەن هێزی دەریایی ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکرا.