لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-22 at 17.41.04_d511a687
962d5553-whatsapp-image-2024-01-07-at-13.55.45_cd8e30d4
ad3
ad2

خولى سێیەمى دانوستانەکانى ئێران و ئەمریکا کۆتاییهات

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەعید بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان

لڤین

خولى سێیەمى دانوستانەکانى ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران کۆتاییهات و میدیای فەرمیی ئێران دەڵێن، شاندی هەردوولا بە مەبەستی راوێژ دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، دوای چەند کاتژمێر وتووێژ، سێیەمین خولی دانوستانی ئەتۆمیی ئێران و ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە (26ی نیسان) لە عومان کۆتاییهات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو شاندەکە کە ناڕاستەوخۆ وتووێژیان کردووە، بە مەبەستی راوێژکردن دەگەڕێنەوە پایتەختەکانیان.

پێشتریش دوو خولی دانوستانە ناراستەوخۆکان بەنێوەندگیریی عومان بەڕێوەچووە، یەکەمیان لە 12ـی نیسان لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان و دووەمیان لە 19ـی نیسان لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

ئەمەش بەرزترین ئاستی پەیوەندیی نێوان هەردوو رکابەرەکەیە لە پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2018 وڵاتەکەی تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ـی نێوان ئێران و زلهێزەکان کشاندەوە.

دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوون.

ئێران و ئەمریکا کە لە ساڵی 1980ـەوە پەیوەندی دیپلۆماسییان نەماوە، دانوستانەکانی شەممەی رابردوو، کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی عومان لە رۆما بەڕێوەچوو، بە “پێشکەوتن” وەسفکرد. تاران گوتی، کۆبوونەوەکە “باشە”بووە.

وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانەش ئەمریکا، لەمێژە ئێران بە هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن، ئەو بانگەشەیە تاران بەردەوام رەتیدەکاتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانە و مەدەنییە.

لەم هەفتەیەدا عێراقچى هەڵوێستی ئێرانی دووپاتکردەوە و گوتی، “ئەگەر تەنیا داواکاریی ئەمریکا ئەوە بێت کە ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەوا ئەم داواکارییە بەدیهاتووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر داواکاریی دیکەیان هەبێت، کە ناکردەیى یان نالۆژیکی بن، ئەوا رووبەڕووی کێشە دەبنەوە.

لڤین پرێس
Scroll to Top
Enable Notifications OK No thanks