لڤین
لوبنان و سووریا لە جددە، گەیشتنە رێککەوتن و جەختیان لەسەر گرنگیی دیاریکردنی سنوورەکانیان و هەماهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە.
ئاژانسی هەواڵى سعودیە بڵاویکردەوە، شارى جددە رۆژی پێنجشەممە میوانداریی کۆبوونەوەی نێوان مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا و میشال مەنسى، هاوتا لوبنانییەکەی کردووە و بە ئامادەبوونی شازادە خالید بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، وەزیری بەرگریی سعودیە رێککەوتوون.
بەگوێرەى ئاژانسەکە، هەردوولا لەسەر “گرنگیی ستراتیجی دیاریکردنی سنوورەکانی نێوانیان، پێکهێنانی لیژنەی یاسایی و تایبەتمەند لە چەند بوارێکدا، هەروەها چالاککردنی رێکارەکانى هەماهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و سەربازییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی، کە ئەگەر هەیە لەسەر سنوورەکانیان سەرهەڵبدەن” رێککەوتوون.
لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا لە رۆژهەڵاتی لوبنان، بەدرێژایی سنووری سووریا، شەڕ و پێکدادان روویدا و بەگوێرەى ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیش لە دیووی سووریا گیانیان لەدەستدا.
دوابەدوای پێکدادانەکان هەردوولا بە فەرمی ئاگربەستیان راگەیاند و ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕایەوە.
سنووری نێوان لوبنان و سووریا 330 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و چەندین دەروازەی نایاسایی لەخۆدەگرێت کە زۆرجار بۆ قاچاخچییەتى مرۆڤ و کاڵا و چەک بەکاردەهێنرێن.