لڤین
بۆ دووەمجار لە مانگێکدا، بنەماڵە و پارێزەری ئۆجەلان و هاوڕێکانی، داوایانکرد رێگەیان پێبدرێت سەردانی زیندانی ئیمراڵی بکەن.
رۆژی هەینی، محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و مەزڵوم دینچی پارێزەری، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی زیندانی ئیمراڵی و داواکاری گشتیی بورسا کرد، رێگەیان بدەن سەردانی ئۆجەلان بکەن.
هاوکات کەسوکاری عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش، کە لەگەڵ ئۆجەلاندا لە زینداندان، هەمان داواکارییان بۆ سەردانی ئیمراڵی پێشکەشی زیندان و داواکاری گشتیی کرد.
14ـی شوباتی ئەمساڵ و هەشتی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووش، بنەماڵە و پارێزەری ئۆجەلان و هاوڕێکانی داوای دیداریان کرد و هەردوو داواکارییەکە رەتکرایەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی زیندان و داواکاری گشتی، هۆکاری رەتکردنەوەی داوکارییەکان، سەپاندنی “سزای دیسپلینییە” بەسەر زیندانیکراوەکان و ماوەی سزاکانیش سێ مانگە.
تەنیا لەنێوان ساڵانی 2021 تاوەکو 2024، هەشت جار “سزای دیسپلینی”ـی سێ مانگی بەسەر ئۆجەلان و سێ هاوڕێکەیدا سەپێندراوە.
دوایین دیداری رووبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامدرا، لە سێی ئازاری 2020 بوو، دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیش لەگەڵیدا، لە 25ـی ئازاری 2021 بوو.
لەو کاتەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵ، رێگە نەدرا بە تەلەفۆن لەگەڵ ئۆجەلان قسە بکرێت و ببینرێت.
لەگەڵ ئەوەی 16ـی تشرینی یەکەمی 2024 سزای دیسپلینی بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندرا، بەڵام عومەر ئۆجەلانی برازای، هەفتەیەک دواتر و لە 23ـی هەمان مانگ، پاش چوار ساڵ لە گۆشەگیریی، سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان یەکدییان بینی.
هاوکات لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، 22ـی کانوونی دووەمی 2025 و 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلانیان کرد.