لڤین
وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە درێژەى هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی، پرۆژەی رووناکی گەیشتووەتە یەکەمین گەڕەکی شارى سلێمانی، دەشڵێت: تاوەکو کۆتایی ساڵى 2026 کارەبای هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەک قۆناغێکی ئەزموونی، لە رێگەی پرۆژەی رووناکییەوە هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێریی بۆ بازاڕ و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی وەک (ئیبراهیم پاشا، سابوونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزدی، سەلیم بەگ و خانەقا) کە زیاتر لە نۆ هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتووە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، پێشتر 17 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پرۆژەی رووناکی بۆ دابینکراوە و کۆی گشتی نزیکەی 100 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن لەو خزمەتگوزارییە، لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، پرۆژەی رووناکی لە چالاکییەکانی بەردەوامە و بەم زووانە کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ ژمارەیەک گەڕەکی دیکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەشێک لەوانەى هاوبەشییان لە کارەبا 24 کاتژمێرییەکەدا کردووە، نیگەرانن لە بەرزیی نرخى کارەباى مانگانەى پرۆژەى رووناکى.