لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-22 at 17.41.04_d511a687
962d5553-whatsapp-image-2024-01-07-at-13.55.45_cd8e30d4
ad3
ad2

حەماس وەڵامی هەڕەشەکەی ترەمپ دەداتەوە

AP scaled

لڤین

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس، وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی کردبوو رایگەیاند، تەنیا رێگە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بەرەوپێشبردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستە.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی باڵای حەماسەوە کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت بڵاویکردەوە، باشترین رێگا بۆ ئیسرائیل دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، هەنگاونانە بەرەو جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست.

بەرپرسەکەى حەماس راشیگەیاندووە، هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ دژی خەڵکی غەززە و پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل هەوڵێکە بۆ رێگری لە رێککەوتن و ئابڵوقەدانی فەڵەستینییەکان و کوشتنیان بە برسێتی.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تروس پەیامێکى توندى ئاڕاستەى حەماس کردو لەسەرەتادا نووسیوویەتى “شالۆم حەماس” بە زمانى عیبرى بە واتای سڵاو دێت، گوتوویەتى “دەتوانیت هەڵیبژێریت. ئێستا هەموو بارمتەکان ئازاد بکە نەک دواتر، راستەوخۆ هەموو تەرمی ئەو کەسانە بگەڕێنەرەوە کە کوشتووتانە، یان ئەوەتا کارەکە بۆ ئێوە کۆتاییدێت”.

ترەمپ، دەشڵێت “هەموو شتێک دەنێرم بۆ ئیسرائیل کە پێویستی پێیەتی بۆ تەواوکردنی کارەکە، یەک ئەندامی حەماسیش سەلامەت نابێت ئەگەر ئەوەی پێتان دەڵێم نەیکەین، ئەمە دوا هۆشدارییە بۆ ئێوە! بۆ سەرکردایەتی ئێستا، کاتی ئەوە هاتووە غەززە بەجێبهێڵن، لە کاتێکدا ئێوە هێشتا چانسی ئەوەتان هەیە.”

بەشێکى پەیامەکەى ترەمپ بۆ خەڵکى غەززە و دەڵێت “ئایندەیەکی جوان چاوەڕێتان دەکات، بەڵام ئەوە بە شاردنەوەى بارمتەکان نا، ئەگەر بارمتەکان بهێڵنەوە ئێوە مردوون! بڕیاری دروست بدەن. ئێستا بارمتەکان ئازاد بکەن، یان دۆزەخێک کە باجەکەى دەدەن”.

تاوەکو ئێستا ئەمریکا خۆی لەوە پاراستووە کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ حەماس بکات، لەبەرئەوەی سیاسەتی ئەمریکا دژی دانوستان و بەریەککەوتنی راستەوخۆیە لەگەڵ ئەو رێکخراو و گرووپانەی خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.

ترەمپ، ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە بە چ شێوازێک هاوکاریی ئیسرائیل دەکات لەدژی حەماس، بەڵام ئەمە یەکەم جار نییە هەڕەشە لە حەماس دەکات، لە مانگی کانوونی یەکەمدا گوتى “ئەگەر تاوەکو ئەو دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی تەواوی بارمتەکان ئازاد نەکرێن دەرگای دۆزەخ بەسەریاندا دەکاتەوە”.

دواتر لە 11ـی شوباتی ئەمساڵدا وادەیەکی دیکەی بۆ حەماس دانا و رایگەیاند، تاوەکو کاتژمێر 12ـی رۆژی شەممەی دواتر ئازاد نەکرێن رەوانەی دۆزەخیان دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیدارەی ترەمپ هیچ هەنگاوێکی کرداریی لەدژی حەماس نەناوە.

لڤین پرێس
Scroll to Top
Enable Notifications OK No thanks