لڤین
بەهۆی بۆردومانکردنی بازاڕێک لە شاری ئوم دەرمانی سودان، لانیکەم 54 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەیەک لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شارەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، دوای بۆردومانەکە، ژمارەیەکی زۆر بریندار هێنراونەتە نەخۆشخانەکە و بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، 54 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، بۆردومانەکە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە ئەنجامدراوە و بازاڕێکی شاری ئوم دەرمانی کردووەتە ئامانج.
لە ساڵی 2023ـوە، جەنگی ناوخۆی سودان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سودان، بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەمیدتی بەردەوامە.
لەو کاتەوە زیاتر لە 150 هەزار هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومان و پێکدادانەکان و برسێتیی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە، ملیۆنان هاووڵاتیش لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارەبوون.