لڤین
شانشینی عەرەبستانی سعودیە ئەندامێتى و پەیوەستبوونی بە گرووپی وڵاتانى بریکسەوە هەڵپەسارد، هۆکارەکەشی بۆ گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەى ئاژانسی ئینتەرفاکسی رووسی، کۆشکی کریملن ئەوەى خستووەتەڕوو، سعودیە ئەندامێتى لە گرووپی وڵاتانى بریکس هەڵپەساردووە کە تەنیا ساڵى 2024 ئەندام بووە تیایدا.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، سعودیە بەشداری لە خولی 16ـی کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس لە شاری کازان لە رووسیا کرد، بە سەرۆکایەتیی شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە.
ئەندامانى گرووپى بریکس، پێکهاتوون، لە بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین، باشووری ئەفریقا، میسڕ، ئێران، ئیمارات و ئەسیوپیا، گرووپی “BRICS” کورتکراوەی وڵاتانی بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقایە.
میدیای جیهان هۆکاری کشانەوەی سعودیەی بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و نزیکبوونەوەی دەستاودەستی دەسەڵات لە ئەمریکا گەڕاندووەتەوە.
گرووپەکە لەسەر بنەماى پەیوەندییە بازرگانیی و ئابوورییەکانى نێوان وڵاتان دامەزراوە و بە دراوى نیشتمانیی ئاڵوگۆڕى بازرگانى ئەنجامدەدەن.