لڤین
سەبارەت بە دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و ئەو گرفتانەی كە هاتۆتە بەردەم ناردنی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 لەبەغدا، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەڵوێستی فەرمی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، دادگای فیدراڵی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقی پابەند كردووە بە دابینكردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی فەرمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ میدیای حزبەكەی ڕایگەیاند، ئێمە وەك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رێرەوی سەرەكی چارەسەری مووچەمان لەوەدا بینی، كە دەبێت دادگای فیدراڵی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق پابەند بكات بە دابینكردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و خۆشبەختانە ساڵی پار ئەو بابەتە گەیشتە ئەنجام و دادگای فیدراڵی لە ڕوانگەی داوایەكەی یەكگرتووەوە بڕیارە دروستەكەی دا، كە ئەویش پابەندكردنی هەردوو حكومەتە بە پیدانی مووچە و نەبەستنەوەی بە هیچ كێشەیەكی سیاسی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم.
ڕاشیگەیاندووە، لەمساڵیشدا بەهۆی كەمتەرخەمی هەردوو حكومەتەكەوە جاریكی تر نیگەرانی و دڵەراوكی بۆ هاووڵاتیان دروست بووە بەوەی كە مووچەی مانگی 10 دواكەوتوە و تا ئیستا ڕوون نیە، كە مووچەی ئەم مانگە و مانگەكانی 11 و 12ش كەی و چۆن دابین دەكرێت، كە بۆتە هۆكاری سستی بازار و چەقبەستوویی ئابووری لە هەرێمی كوردستان.
وتەبێژی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمە وەكو یەكگرتوو لە ریگەی پەرلەمانتارانمانەوە لە بەغدا بەردەوامین لەسەر هەوڵەكانمان بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی هاتوونەتە بەردەم ناردنی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 و بەهیچ جۆرێك نابێت بە پاساوی جیاواز چیتر ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێم بكریت، چونكە هەر ساڵە لە بە بیانوویەك چەند مووچەیەكی فەرمانبەران دەخورێت و نادرێت.
وتەبێژی یەكگرتوو دەشڵێت: ئێمەوە وەك هیزێكی ئۆپۆزسیۆن بەرپرسانە بەردەوام دەبین لە داكۆكیكردن لەمافی خەڵك و مووچەخۆران و جاریكی تر داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین كە بەجدی كێشەكانی خۆی لەگەل حكومەتی عێراق چارەسەر بكات و چیتر یاری بە قوت و ژیانی هاوڵاتیانەوە نەكرێت.