لڤین
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، بەغدا دەڵێت، 200 ملیار دینار دەنێرن بۆ موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێم، بۆیە ئەم كێشەیە دەبێت چارەسەر بكرێت و كێشەكەش چەندێكی لای عێراقە، ئەوەندەشی لای هەرێمی كوردستانە.
سۆران عومەر، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای یەكێتی لەبارەی كێشەی موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وتی”لە ئەمڕۆیدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەڵێت، 600 ملیار دینار دەدەم بە هەرێم، ئەویش 400 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆم بداتێ، واتە 200 ملیارت بۆ موچەی مانگی 10 دەمێنێتەوە.”
وتیشی”ئەوەش كورتهێنانی زۆر دروست دەكات چونكە هەرێم بۆ مانگی 10 داوای 996 ملیار دیناری كردوە. بۆیە ئەم كێشەیە پێویستی بە چارەسەرە. چارەسەرەكەش چەندێكی لای عێراقە، ئەوەندەشی لای هەرێم.”
سۆران عومەر، لەبارەی سەردانەكەیشیان بۆ لای سەرۆكی دادگای فیدراڵی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی”بەسەرۆکی دادگای فیدراڵیم وت خەڵکی کوردستان دەڵێن ئەگەرهەرێم پابەند نییە بە تەوتين و ڕادەستی داهاتی ناوخۆ ڕێگایەکی دیکە نییە سزای دەسەڵاتدارانی پێ بدرێ هەر موچەی خەڵک دوادەخرێ و نادرێت؟ سەرۆکی دادگای فیدراڵی وتی بڕیارەکەی دادگا تەفسیری جیاواز هەڵناگرێ و لەبونی هەر ناکۆکییەکی سیاسیش پێویستە موچەی خەڵکی هەرێم بەردەوام بێت.”
بەپێی قسەی سۆران عومەر، لە كۆبونەوەكەدا، سەرۆكی دادگای فیدراڵی “پێشنیاری کۆبونەوەیەکی بەپەلەی کرد بۆ چارەسەری دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.”