لڤین
ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەکاتەوە کە کارتی بایۆمێتری دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانن رۆژانە سەردانیان بکەن و کارتەکان وەربگرنەوە.
ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی رایگەیاندووە، ئەو هاوڵاتیانەی تۆماری بایۆمێتریان ئەنجامداوە، دەتوانن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی کارتەکانیان سەردانی ناوەندی تۆماری کۆمسیۆن بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژانە لە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکەوە دەوامیان دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ کارتەکان دەدەنەوە بە هاوڵاتیان.
ئەوەش هاتووە، پێویستە هاوڵاتی لەکاتی سەردانیدا بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکەی یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمییە کەسیەکانی پێبێت وەک، (پێناسی باری شارستانی، رەگەزنامە، کارتی نیشتیمانی یان پاسپۆرتی عێراقی).
هەروەها ئەگەر هاوڵاتی ویستی کارتی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی وەربگرێتەوە، ئەوا پیویستە پسوڵەی خۆراک لەگەڵ یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمیە کەسیەکانی ئەو کەسەی پێبێت کە دەیەوێت کارتەکەی بۆ وەربگرێتەوە.