لڤین
بەپاساوی پارێزگاری كردن لە ئەمنیەتی وڵات، كەنەدا بەكارهێنانی پلاتفۆڕمی تیكتۆكی لە وڵاتەكەی قەدەغەكرد، بەوەش ژمارەی ئەو وڵاتانە زیادی كرد كە هۆشدارییان لەسەر بەكارهێنانی تیكتۆك داوە.
لەوبارەیەوە فرانسوا فیلیپ شامپاین، وەزیری زانست و گەشەپێدانی ئابوری کەنەدا رایگەیاند: بۆ پارێزگاری كردن لە ئەمنیەتی وڵات و لەسەر بنەمای زانیاری و بەڵگە کە لەکاتی پێداچونەوەی ئاسایشی نیشتمانیدا بەدەستیانهێناوە، بڕیاری داخستنی نوسینگەکانی تیکتۆک لە تۆرینتۆ و ڤانکۆڤەر دراوە.
لایخۆشیەوە، دەیڤید ڤینیۆل، بەڕێوەبەری پێشوی هەواڵگری کەنەدا (CSIS) ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بەئامانجی بەدەستهێنانی زانیاری، حکومەتی چین لەڕێگەی تیكتۆكەوە دەتوانێت داتا و نهێنی بەكارهێنەرانی ئەو پلاوتفۆڕمە كۆبكاتەوە.
میدیاكانی ئەو وڵاتەش بڵاویانكردەوە؛ بێجگە لە كەسە بەناوبانگەكانی نێو سۆشیاڵ میدیا كە دەتوانن پلاتفۆڕمەكە بەكاربهێنن، سەرجەم چالاکییەکانی تیکتۆک لە کەنەدا ڕاگیران و حكومەتیش داوای لە هاوڵاتیان كردوە كە بڕیارەكە لە بەرژەوەندی هەمواندایە.
كۆمپانیای تیكتۆك وەڵامی كەنەدای دایەوە كە سێرڤەرەکانی لە دەرەوەی چینن و پابەندن بە یاساکانی پاراستنی نهێنیی کەنەدا، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە كە، رێوشوێنی یاسایی لە دژی ئەو بڕیارەی کەنەدا دەگرێتەبەر.
پلاتفۆڕمی تیکتۆک، لە لایەن گەنجێكی چینییەوە دروستكراوە، پێشتریش دادگای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا خاوەنەكەی ناچار بە فرۆشتنەوە كردبو بەهاوبەشەكە، بەپێچەوانەوە سەرجەم چالاكییەكانی رادەگرێت، هاوكات پێشتریش وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، ئوستورالیا، ئازەربایجان، تایوان و نیپاڵ هۆشداریان لە بەكارهێنانی تیكتۆك داوە.